کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حۆمس ٩ کەس کوژران

11:45 - 3 بانەمەڕ 2720

پاش هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر سایتێکی نیزامی لە ناوچەی "تەدمەر لە ڕۆژهەڵاتی حۆمس"، ٩ کەس کوژران کە سەر بە ڕێژیمی ئێران بوون.

چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، ڕۆژی سێشەممە ٢ی بانەمەڕ ڕایگەیاند کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریە، لانیکەم ٩ کەس لە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لەو ناوچەیەدا کوژراون.

چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە ڕایگەیاندووە، ئەو ٩ کەسە چەکدارانێکی سەر بە ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان بوون کە ٣ کەسیان شارۆمەندی سووری بوون.

ئەو خەسارە گیانییانە لە حاڵێکدایە کە پەدافەندی هەوایی ئەرتشی ڕێژیمی سووریە بۆ بەرگریکردن لەو هێرشانە کاردانەوەی نیشان دابوو.

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوو ئەوە دووەمین هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سووریەیە کە زۆرینەی ئامانجی ئەو هێرشانە بنکە نیزامییەکانی میلیشیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانە.