کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سووریە، ١٠ میلیشیای سەر بە ڕێژیمی ئێران کوژران

12:18 - 25 خەرمانان 2720

لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی "ئەلسەلاسات" لە باشووری "ئەبووکەمال" کە شوێنی جێگیربوونی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانە، ١٠ میلیشیای چەکدار کوژران.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، بەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی خەرمانان، ٦ تەقینەوەی مەزن شاری "ئەبووکەمالـ"ـی لە نزیکیی "دەیرەلزوور" هەژاندووە.

ئەو تەقینەوانە بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی "ئەلسەلاسات" لە باشووری "ئەبووکەمال" لە نزیکیی سنووری عێراق و سووریەدا بووە.

ئەو هێرشانە بووەتە هۆی کوژرانی ١٠ میلیشیای چەکداری سەر بە ڕێژیمی ئێران کە خەڵکی سووریەش نەبوونە. هەروەها بنکەکانی میلیشیا چەکدارەکان، جبەخانە و ژمارەیەک کەرەستەی هاتوچۆ لەنێو چوونە.

ئیسرائیل لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ڕایگەیاند کە "تلاڤیڤ" شەڕی خۆی لەگەڵ ئێران لە سووریە چڕتر دەکاتەوە، چونکە تاران بە یارمەتیی گرووپە نیابەتییەکانی حوزووری نیزامیی خۆی لە ناوچەدا پەرە پێدەدات.