کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر چەکدارانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە، ٦ چەکدار کوژران

12:42 - 8 پووشپەڕ 2720

لە ئاکامی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر مۆڵگەی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سووریە، ٦ چەکداری ئەو گرووپە تێرۆریستییانە کوژران. 

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕ، ڕێکخراوەی چاوەدێریی مافی مرۆڤ لە سووریە ڕایگەیاند: "لە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر گوندی ئەلعەباس سەر بە شاری ئەبوو کەماڵ، لەنێوان سنووری عێراق و سووریە، ٦ کەس لە گرووپە میلیشیا تێرۆریستەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کوژراون".

 لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەرتشی ئیسرائیل بۆ سەر باشوور و ڕۆژهەڵاتی سووریە، ٢ سەربازی ڕێژیمی ئەسەد و ٥ چەکداری گرووپە میلیشیا تێرۆریستییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کوژران.

هەروەها ڕێکەوتی ١٥ی جۆزەردانی ئەمساڵ، لە ئاکامی هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەرتشی ئیسرائیل بۆ سەر مۆڵگەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوەندی سووریە، ٩ چەکداری گرووپە میلیشیا تێرۆریستییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کوژران.

وڵاتی ئیسرائیل چەندین جار ڕایگەیاندووە کە بوونی ڕێژیم ئیسلامیی ئێران و گرووپە میلیشیا تێرۆریستییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە خاکی سووریە، هەڕەشەی جییدیە بۆ سەر ئیسرائیل و هەموو کاتێک گرووپە تیرۆریستییەکانیان کردووەتە ئامانجی هێرشی مووشەکی و ئاسمانی و تا ئێستا زیانێکی زۆری ماڵی و گیانییان گەیاندووە بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران.