کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر فڕۆکەخانەی بەغدا ٧ کەس کوژران

12:49 - 8 رەزبەر 2720

بەهۆی هێرشی مووشەکیی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ سەر فڕۆکەخانەی بەغدا ٧ کەسی سڤیل کوژران و چەند کەسێکیش بریندار بوونه.

ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەزبەر، هێزە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران هێرشێکی مووشەکییان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی بەغدا کە دوو دانە لەو مووشەکانە لە ماڵێکی نزیکیی ئەو فڕۆکەخانەیەی داوە.

"زافر ئەلعانی" نوێنەری پارلمانی عێراق وتوویەتی: "چەکوچۆڵی پێشکەوتوویەک کە گرووپە میلیشیاکان ڕایانگەیاندووە بەدەستیان گەیشتووە، ئەوڕۆ هاویشتراوەتە سەر فڕۆکەخانەی بەغدا و بنەماڵەیەک و هەژمارێک منداڵی کوشتووە".

"ئەکرەم ئەلکەعبی" فەرماندەری گرووپی "ئەلنەجبا" گرێدراو بە ڕێژیمی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ٦ی ڕەزبەر، هەڕەشەی کردبوو کە باڵوێزخانەی ئامریکا لە بەغدا، بە چەکوچۆڵی پێشکەوتوویەک کە لەبەردەستیاندایە دەکەنە ئامانج.

لە بەرانبەردا "مستەفا ئەلکازمی" سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەختی لەسەر پێویستیی چالاکیی زیاتری ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەو قۆناغە هەستیارەدا کردووەتەوە و وتوویەتی ئەو "باندە جەنایەتکارانە" ئیزنی تێکدانی تەناهیی وڵاتیان پێ نادرێت و سزایان دەدات.

لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام باڵوێزخانەی ئامریکا لە بەغدا و فڕۆکەخانەی بەغدا ئامانجی هێرشە مووشەکییەکانی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بووە.

ئامریکا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئۆڵتیماتۆمی خستبووە سەر حکوومەتی عێراق بۆ پێشگرتن بەو میلیشیا چەکدارانە و هەڕەشەی کردبوو کە لە ئەگەری بەردەوامیی ئەو هێرشانەدا باڵوێزخانەی ئامریکا لە بەغدا دادەخات.