کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێزی ١٣٥ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان شەوی یەڵدا یاد کرایەوە

13:02 - 30 سەرماوەز 2720

هێزی ١٣٥ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکدا بە بەشداریی کۆمیتەی زاگرۆس سەر بە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یادی شەوی یەڵدا و لەدایکبوونی پێغەمبەری ئاشتییان بەرز ڕاگرت.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر لەلایەن بەڕێوبەرانی ڕێوڕەسمەکەوە بەخێرهاتنی بەشداران، بەتایبەت کۆمیتەی زاگرۆس سەر بە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکرات کرا.

لە بڕگەی یەکەمدا شێعرێک لە شاعیری ناوداری کورد "شێرکۆ بێکەس" لەسەر کەسایەتیی دوکتور قاسملوو لەلایەن پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکەوە خوێندرایەوە.

پاشان مۆمی یادی ٩٠ ساڵەی لەدایکبوونی شەهید دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو" لەلایەن خاتوو "کەنێر مێهفەر" هاوسەری شەهید "ڕەسووڵ محەممەدزادە"وە هەڵ کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەدا، یەکێک لە پێشمەرگەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سروودێکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

برگەی دیکەی ڕێوڕەسمەکە بریتی بوو لە کورتە باسێک لەسەر ئوستوورەی شەوی یەڵدا که لەلایەن "غالب حەبیبی" بەرپرسی ئامووزشیی دەزگای فەرماندەهیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێشکەش کرا.

لەدرێژەی ڕێوڕەسمەکەدا ژیاننامەی دوکتور قاسملوو لەلایەن "مەهناز ئەختەرشناس" پێشمەرگەی کوردستانەوە خوێندرایەوە.

هەروەها "ئاسکە حەسەنزادە" بەرپرسی کۆمیتەی زاگرۆس سەر بە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکرات شێعرێکی لەسەر پیرۆزیی پێشمەرگە پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا " چەندین پووزەوانە کە دیاریی خۆشکی شەهیدێکی ڕزگاریی کوردستان بوو، لەلایەن "مەهتاب خزری" پێشمەرگەی کوردستان و ئەندامی کۆمیتەی زاگرۆس بە نوێنەرایەتیی خوشکی شەهیدەوە لەنێوان پێشمەرگەکاندا دابەش کرا.

ڕێوڕەسمی شەوی یەڵدا لە کۆڕی پێشمەرگەکانی هێزی ١٣٥ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شاخەکانی کوردستان بە چەندین یاری و قسەی نەستەق و پرسیار و وڵام و مەتەڵی کوردەواری، هەتا درەنگانی شەو دڕێژەی کێشا و بە هەڵپەڕکێ و شایی کۆتایی پێهات.