کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێزی ١٣٥ی هێزی پێشمەرگەی کورستان بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چوو

11:43 - 11 خاکەلێوه 2722

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، لە هێزی ١٣٥ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چوو.

 سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک  بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد.

 دواتر"مستەفا مەناف" فەرماندەری هێزی ١٣٥ سەبارەت بە ١٠ی خاکەلێوە پەیامێکی پێشکەش کرد کە لە پەیامەکەی خۆیدا باسی لە مێژووی ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە و لەسێدارەدرانی پێشەوا "قازی محەممەد" وەک یەکەمین سەرکۆماری گەلی کورد و هاوڕێیانی "محەممەد حوسێن خانی سەیفی قازی" و "ئەبولقاسم سەدری قازی" لە ساڵی ١٣٢٦ی هەتاوی لەلایەن ڕێژیمی پاشایەتی لە چوارچرای شاری مەهاباد کرد و وتی ئەم ڕۆژە یەکێک لە تاڵترین و ناخۆشترین ڕۆژەکانە لە مێژووی سیاسیی گەلی کورد و ڕۆژێکە پڕە لە حەماسە و قوربانیدان .هەروەها ناوبراو لە بەرامبەردا ٢ی ڕێبەندانی وەکوو خۆشترین ڕۆژی مێژووی کوردان وەسف کرد.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: "بە دەگمەنن ئەو ڕێبەرانەی کە گیانی خۆیان فیدای میللەتەکەیان دەکەن و لە پێناو مافەکانی گەلەکەیان سەری خۆیان دادەنێن، پێشەوا قازی یەکێک لەو ڕێبەرانە بووە. ئەو کەسێک بوو کە بۆ بەدەستهێنانی ئەم مافە گیانی خۆی بەخت کرد و بە دوژمنانی گەلی کوردی سەلماند کە ڕەنگە ئەوان قازی محەممەدێک لە دار بدەن بەڵام سبەی ڕۆژ دەیان قازی محەممەد لەدایک دەبن".

هەروەها لە ڕێوڕەسمەکەدا وێڕای دانەواندنی سەری ڕێز و نەوازش لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان پەیمان نوێ کرایەوە.

ڕێورەسمەکە بە خوێندنی سروودی "ئەی شەهیدان " لەلایەن پێشمەرگەکانەوە کۆتایی پێ هات .