کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هەرێمی کوردستاندا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی "کرونا" تۆمار نەکراوە

12:00 - 9 رێبەندان 2719

وەزارەتی تەندرووستیی عێراق سەبارەت بە تۆمارکرانی حاڵەتی تووشبوونی هاووڵاتییان بە ڤایرۆسی کرونا ڕایگەیاندووە، تاکوو ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستان هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە. سەرجەم خاڵە سنوورییەکان بنکەی تایبەتیان بۆ دروست کراوە و پشکنین بۆ ئەوانە دەکرێت کە دێنە نێو خاکی عێراق و کوردستانەوە.

دوکتور "سەیف بەدر"، وتەبێژی تەندروستیی عێراق لە وتووێژێکدا باسی لەوە کردووە، لە سەرجەم خاڵە سنوورییەکان بە ڕێگە وشکانی و ئاسمانییەکانەوە، بنکەی تەندروستیی تایبەتیان دروست کردوون، پشكنین بۆ هەموو ئەوانە دەکەن کە دێنە عێراق و کوردستان و بەدواداچوون بۆ دۆخی تەندروستی و تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کرونا دەکەن.

هەروەها ڕایگەیاندووە: "لە دژی ڤایرۆسی کرونا هاوئاهەنگیی باشمان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی کوردستان هەیە و بەپێی ڕێنماییەکانی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی بەدواداچوون و پشکنین دەکەین".

ڤایرۆسی کرونا یەکەمجار ساڵی ١٩٦٥ی زایینی دۆزراوەتەوە، ساڵی ٢٠٠٢ لە چین بڵاو بووەتەوە و لە مرۆڤ دەستنیشان کراوە، گوازراوەتەوە بۆ ٢٥ وڵات، ٨٠٠٠ کەسی نەخۆش خستووە و زیاتر لە ٧٠٠ کەسی کوشتووە.

ڤایرۆسەکە جارێكی دیکە لە ساڵی ٢٠١٢دا سەری هەڵدا، لە سعوودیە و ئۆردۆن بڵاو بووەوە و هەمان ساڵ لە ٢٥ وڵات تۆمار کرا و نزیکەی ٨٠٠ کەسی کوشت.

ئەمجارە ڤایرۆسی کرونا لە شاری ڤوهانی چین سەری هەڵداوە و تاکوو ئێستا لەم وڵاتە ١٣٢ کەسی کوشتووە.