کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە واشنتۆن دژی لەسێدارەدانی "حەیدەر قوربانی" خۆپیشاندان بەڕێوە چوو

12:39 - 3 بەفرانبار 2721

لە ناڕەزایەتی بە لەسێدارەدانی ''حەیدەر قوربانی'' زیندانیی سیاسی کورد لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، بەشێک لە کوردانی دانیشتووی واشنتۆن ڕۆژی پێنجشەممە لە بەردەم وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا خۆپیشاندانیان بەڕیوە برد.

لەو خۆپیشاندانەدا ناڕازییان بە هەڵگرتنی وێنەی شەهید حەیدەر قوربانی، دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دروشمیان دا و داوای ئەوەیان کرد کوشتنی کوردەکان لەلایەن ئەو ڕێژیمەوە کۆتایی پێ بهێندرێت.

هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١ی بەفرانبار، کارناسانی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا لەسێدارەدرانی شەهید "حەیدەر قوربانی" زیندانیی سیاسیی کوردیان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە مەحکووم کرد.

لە بەشێک لەو بەیانییەیەدا هاتبوو: "ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران حەیدەر قوربانیی لە کاتێکدا لە سێدارە داوە کە دۆسیەی ناوبراو لە دیوانی بەرزی وڵات لە حاڵی لێکۆڵینەوەدا بووە و بە شێوەی شاراوە ئێعدام کراوە. بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ناڕەزایەتیی بەربڵاویان لەسەرە و ئێمە نیگەرانی ئەوەین کە ڕێژیم ئەو هەوڵە سەرەڕۆیانەی تەنیا بۆ دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکدا ئەنجام دابێت".

شەهید "حەیدەر قوربانی" کوڕی شەهید "عەلی قوربانی" پاش ئەوەی کە لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٥دا بە تاوانی ئەندامیەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەشداری لە بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە ڕاپێچی بەندیخانە کرا، کۆمەڵێک تۆمەتی ناڕاستی درایە پاڵ تاکوو بەو شێوەیە بتوانن بیکەنە قوربانیی سیاسەتی زەبروزەنگی ڕێژیم بۆ تۆقاندنی چالاکانی سیاسی و ئازادیخوازانی کوردستان، کە دەرەنجام سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی لە سێدارە درا.