ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، کوردەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە دەڤەری "واشنتۆن" لە وڵاتی ئامریکا، لە دەوری یەکتر کۆ بوونەوە و بەبۆنەی سەری ساڵی نوێ و نەورۆزی کوردەواری ڕێوڕەسمێکیان بەڕێوە برد.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.
پاشان "سیامەند خوسرەوی" ڕیزبەندی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکەی خوێندەوە و دواتر "ڕەحیم ڕەشیدی" چەند وتەیەکی سەبارەت بە نەورۆز پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
"ڕەشیدی" وێڕای پیرۆزبایی نەورۆز، هاوکات پەڕژایە سەر مێژووی نەورۆز لە فەلسەفەی شۆڕشگێڕیدا و باسی لەوە کرد نەورۆز تەنیا هاتنی بەهار و بووژانەوەی سروشت نییە بەڵکوو نەورۆز هێمای بەرەنگاری دژی ستەم و بێدادییە، لەم ڕۆژەدا ئێمە بە باوەڕبەخۆبوونێکی پترەوە لە پێناوی ئازادیدا تێدەکۆشین.
"ڕەشیدی" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە گرینگیی کولتووری نەورۆزی جامانەکان کرد و بە بیری هەموو لایەکی هێنایەوە کە پیلانگێڕیی کۆماری ئیسلامی بۆ شێواندنی فەلسەفەی دژە ستەمی نەورۆز هەوڵێکی نەزۆکە و هیچکات لە کوردستان سەرکەوتوو نابێت.
لە درێژەدا "مەحبووبە حوسێنی" باسێکی لەسەر نەورۆز لە ئەدەبیاتی کوردیدا پێشکەش کرد.
هەروەها "خالید خورینجی" هۆنراوەیەکی نەورۆزی بۆ بەشداران خوێندەوە.
ڕێوڕەسمەکە بە شایی و ڕەشبەڵەکی کوردەواری کۆتایی پێ هات.
ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات وێڕای کوردستانییان، بە شێوەیەکی بەرچاو لەو ڕێوڕەسمەدا بەشدارییان کردبوو.