کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ورمێ، نزیک بە دە میلیارد تمەن بار و کەلوپەلی بازرگانانی کورد دەستی بەسەردا گیرا

10:35 - 29 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: ئیدارەکانی "ئەماکن و تەعزیراتـ"ـی شاری ورمێ، دەستیان بە سەر نزیکەی دە میلیارد تمەن بار و کەلوپەلی بازرگانانی کورددا گرت.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان میدیا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ئیدارەی "ئەماکن" بە هاوکاریی "تەعزیرات" و ژووری بازرگانیی ئەو شارە، دەستیان بە سەر بڕی دە میلیارد تمەن جلوبەرگدا گرتووە کە لە لایەن بازرگانانی کوردەوە هاوردە کراون.

بیانووی ئەو ڕێکخراوانەی ڕژیم بۆ زەوتکردنی باری بازرگانانی کورد ئەمەیە کە ڕێژیم دەڵێت تەنیا ئیجازە دەدرێت کە بەرهەمی نێوخۆ بفرۆشن و ئەوەش بۆ پشتگیری لە پەیامی "عەلی خامنەیی"، ڕێبەری ڕێژیمە کە ڕایگەیاندبوو دەبێ پەرە بە بەرهەمی نێوخۆیی بدرێت.

هاوکات لە بەرامبەر ڕێگرتن لە هاوردەکردنی جلوبەرگ لە دەرەوەی وڵات، لە دە ڕۆژ بەر لە ئێستاوە، بازاڕی جلوبەرگ و پارچە لە شاری ورمێ داخراوە و بازاڕییەکان دەستیان داوەتە مانگرتن.

لە کاتێکدا کە داواکاری بۆ کڕینی بەرهەمی ئێرانی زۆر کەمە، پێشتر "داود پووعەلی"، بەڕێوەبەری یەکێتیی پارچەفرۆشانی ورمێ، داوای لە ئیدارەی "تەعزیرات و بازرگانی" کردبوو کە ڕێگری لە هاوردەکردنی جلوبەرگی بیانی بکەن.