کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وڵاتی ئامریکا یادی ٢ی ڕێبەندان بەرز ڕاگیرا

10:44 - 4 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا بەبۆنەی هاتنی ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان ڕێوڕەسمێکی بەشکۆیان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠ ی ژانویەی ٢٠١٩ی زایینی لە شاری فێرفەکس لە ئەیالەتی ڤێرجینیای ئەمریکا، جێژنی ٢ی رێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری دێموکراتیکی کوردستان (١٩٤٦) بە بەشداری چەندان کەسایەتی سیاسی و دەیان کەس لە کوردانی نیشتەجێی ئەو هەرێمە بەرێوەچوو.

دەسپێکی جێژنەکە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خوولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان بوو.

لە بڕگەی یەکەمی بەرنامەکەدا دوو باس پێشکەش کران؛ باسی یەکەم لەلایەن هاوڕێ ڕێبوار سەلیمی لەسەر گرنگی دامەزرانی کۆماری کوردستان و کەسایەتی بەرزی پێشەوای نەمر؛ باسی دووهەم لەلایەن هاوڕێ ئارەش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئەمریکا پێشکەش کرا کە تەوەری باسەکانی بریتی بوون لە: ئاڵوگۆڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بارودۆخی کورد لەو قۆناخەدا و گرنگی پێکهێنانی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران و ڕۆڵ و کاریگەری "ڕاسان" و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو ناوەندەدا.

دواتر پەیامی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی ئەمریکا پێشکەش کرا.

بەو بۆنەوە هەریەک لەو حیزب و ڕێکخراوانە پەیام و برووسکەی پیرۆزباییان خوێندەوە:

- لقی ٧ی پارتی دێموکراتی کوردستان لە ئەمریکا و کانادا.

- یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان، کۆمیتەی رێکخستنی ئەمریکا.

- کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران.

دوا بڕگەی بەرنامەکەش بریتی بوو لە خوێندنی گۆرانی و شایی و هەڵپەڕكێی بەشدارانی جێژنەکە، کە تا درەنگانی شەو درێژەی کێشا.