کوردستان میدیا: لە شاری كۆپێنھاگ، پێتەختی دانمارک سێمینارێک بۆ یادی شەھیدانی بێرلین لە بەڕێوە چوو.
ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی ٣١ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە لایەن كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە دانمارک، سێمینارێک بۆ یادی شەھید دوكتور شەرەفكەندی و ھاوڕێیانی بە بەشداریی ھەژمارێكی زۆر لە نوێنەرانی حیزب و رێكخراوە سیاسیەكانی ھەر چوار پارچەی كوردستان و كوردانی دانیشتووی دانمارک لە شاری كۆپێنھاگ بەڕێوە چوو.
سەرەتای ئەو سێمینارە بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و خۆڵەكێك بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەھیدانی كورد و كوردستان دەستی پێكرد .
پاشان كۆرتە مێژوویەک لە سەر تیرۆری دوو رێبەری گەورەی كورد و حیزبی دێموكرات لە لایەن ڕۆژنامەنووس و نووسەری كورد "دەنیز بەرخۆدان" سەرنجی بە زمانی دانماركی و كوردی پێشكەش كرا.
دواتر "یڵماز یێڵدز" سیاسەتمەدار و ئەندامی ڕێبەریی پارتی سۆسیالیستی كوردستان-باكوور ، باسێكی تێروتەسەلی لە سەر كارەساتی شەھید كرانی دوكتور شەرەفكەندی و ھاورێیانی پێشكەش كرد.
یڵماز لە باسەكەیدا باسی لە شەھید كردن و تیرۆری رێبەرانی سیاسی كورد لە ڕۆژھەڵات وەک سمکۆی شكاک و جەوەر ئاغا برای سمکۆ، پێشەوا قازی محەممەد ، دوكتور قاسملوو و دوكتور شەرەفكەندی كرد و ئاماژەی بە ڕووڕەشی ڕێژیمی ئێران لەو تێرۆرانە دا كرد .
پاشان "سیامەند شێخ ئاقایی" نووسەر و سیاسەتمەداری كورد باسێكی بە نرخی لە سەر ژیانی خۆی لەگەڵ دوكتور قاسملوو و بە تایبەتی دوكتۆر شەرەفكەندی كرد و دوکتور شەرەفكەندیی وەك باشترین قوتابیی ڕێبازی قاسملوو و ڕێبەرێكی بێ ھاوتاودا زانین.
شێخ ئاقایی؛ شەرەفكەندی بە ھەموو ھەست و بیری نەتەوەیی بوو و لەو پێناوەدا ھەموو شتێكی فیدای ڕێبازی كورد و حیزبی دێموكرات كرد و ھەمێشە ئامادە بوو گیانی بەختی ئازادی نەتەوەكەی بكا .
لە بڕگەی كۆتایی ئەو سێمینارەدا، سێمینار گێران وڵامی پرسیاری بەشدارانیان دایەوە .