کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وڵاتی یۆنان، ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژەوە بەڕێوەچوو

11:09 - 29 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی یۆناندا، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆیان بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات بەڕێوە برد.

ئێوارەی شەممە، ٢٦ی گەلاوێژ، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری "ساڵۆنیکـ"ـی وڵاتی "یۆنان"، یادی ۷٤ ساڵەی دامەزراندنی حیزبیان بە بەشداربوونی حیزب و لایەنە سیاسییەکان و میوانانی ئورووپایی  بەرز ڕاگرت.

ئەم ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر "پشتیوان سەعیدی"، ئەندامی حیزبی دێموکرات، پەیامی پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی خوێندەوە.

پاشان "دیار سوڵتانی"، نوێنەری یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان لە شاری "ساڵۆنیک"، پەیامی پیرۆزبایی یەکیەتییەکەیانی بەو بۆنەیەوە خوێندەوە.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، "شایان سەییدی"، پەیامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی پێشکەش کرد.

لەم ڕێوڕەسمەدا، نامیلکەی مێژووی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش بە میوانانی ئورووپایی ئەم ڕێوڕەسمە کرا.

ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێهات.