کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وڵاتی ئەمریکا رێوڕەسمی جێژنی نەورۆز بەڕێوەچوو

23:03 - 4 خاکەلێوه 2713

کوردستان میدیا: بەشێکی بەرچاو لە کوردەکانی دانیشتووی وڵاتی ئەمریکا رێوڕەسمی نەورۆزیان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٣‌ی خاکەلێوە کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ــ ئەمریکا، بە هاوکاریی رەوندی کوردی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بۆنەی نەورۆز و نوێ بوونەوەی سروشت و بەهار، جێژنێکی بە بەشداری کوردەکانی دەڤەری واشینگتۆن بەڕێوە برد.
سەرەتای رێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
دواتر فاتمە سیندی رۆژنامەنووس و مەحبووبە حوسێنی ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەمریکا، ریزبەندی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکەیان خوێندەوە.
رەحیم رەشیدی بە نوێنەرایەتی رەوەندی کوردی لە ئەمریکا باسێکی سەبارەت بە نەورۆز وەکوو جێژنێکی نەتەوەیی و هەروەها بارودۆخی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەرکی کوردەکان لە دەرەوەی وڵات سەبارەت بە درێژەی خەبات لە پێناوی ئازادیدا پێشکەش کرد.

4171.jpg


لە بڕگەیەکی دیکەدا حەمە عەلی سۆفی‌زادە و جەعفەر فەقێ نەبی بە خوێندنەوەی شێعر و وتنی سرودێک بەشداری بەرنامەکە بوون و دواتر خەلیل شێروانی و شاڵاو هۆنراوەیەکیان پێشکەش کرد.