کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وڵاتە سەرکوتکارەکان، کۆرۆنا دەرفەتێک بووه بۆ سەرکوتی ڕۆژنامەوانان

18:01 - 27 بانەمەڕ 2720

''هایکۆ ماس''،  وەزیری دەرەوەی ئاڵمان وتوویەتی، لە وڵاتە سەرکوتکارەکان و حکوومەتە دیکتاتۆرەکان، لە کاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، بە هەموو شێوەیەک ڕۆژنامەوانەکانیان سەرکوت کردووە.

ئەو قسانەی وەزیری دەرەوەی ئاڵمان دژکردەوەی توندی بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی لێکەوتەوە.

''ماس''، وەزیری دەرەوەی ئاڵمان، وتویەتی، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لێکەوتەی جیددیی هەیە بۆ سەر مافی مرۆڤ؛ هەروەها حکوومەتە سەرکوتکەرەکان لە پەیوەندی لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەگەڵ شارۆمەندانی خۆیان سەختگیرانە مامەڵەیان کردووە.

ئەو سیاسەتوانە لە کۆبوونەوەی پارلمانی ئاڵمان لە ''بێرلین'' ئاماژەی بەوە کردووە، بە نیگەرانییەکی لەڕادەبەدەرەوە شایەتی ئەوەین کە چۆن ئەو قەیرانی کۆرۆنا بازاڕی کاربەدەستە سەرکوتکەرەکانی گەرم کردووە.

 وەزیری دەرەوەی ئاڵمان لە درێژەی وتەکانی خۆیدا، ''ڕووسیە، وێنێزۆئێلا، ئێران، تورکیە و چین''ـی بەوە تاوانبار کردووە کە لە گشتگیربوونی قەیرانی کۆرۆنا، بۆ سەرکوتی زیاتری ڕۆژنامەوانان کەڵکیان وەرگرتووە.

لە وڵاتە دیکتاتۆرەکاندا لە هەموو کاتێک و لە هەر دەرفەتێک بۆ سەرکوتی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای خۆیان، بەتایبەت میدیاکاران و ڕۆژنامەوانان، کەڵک وەردەگرن.