کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی سوید باس لە مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات کرا

11:01 - 20 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: "حەمید تەیمووری" نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەی کرد باسی لە مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کرد.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٩ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، "حەمید تەیموری" نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوید سەردانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی سویدی کرد و لەگەڵ" دانییەل پێترشون" (Daniel Pettersson)کۆبوویەوە.

مەبەست لەم سەردان و چاوپیکەوتنە،  شی کردنەوەی ئەو ئاڵۆزیانە بوو کە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ڕێژیمی ئێران مووشەکبارانی بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی لە کۆیە کرد و ١٦ کەس شەهید و زیاتر لە ٤٠ کەسیش بریندار بوون.

لەم دیدارەدا نوێنەری حیزبی دێموکرات بە وردی باسی بۆردمانەکەی بۆ پێترشوون باس کرد و لە هەمانکاتدا بەیاننامەیەکی پێشکەش بە ناوبراو کرد و ناوبراویش بەڵێنی دا کە بیخاتە بەردەستی وەزیری دەرەوە خاتوو "مارگووت والسترۆم"

ناوەڕۆکی بەیاننامەکە بەم چەشنە بوو:

سەرەڕای ئەوەی کە بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە کە زیانی گیانی و مادی زۆری لێکەوتووەتەوە، بووەتە هۆی کوشتنی ١٦ کەس و زیاتر لە ٤٠ بریندار، هاوکات سێ زیندانی سیاسی کوردیش بە ناوەکانی ڕامین حوسێن پەناهی، زانیار و لوقمان مورادی لە بەندیخانە ئێعدام کردووە. هەر لە مانگی ئاگوستی ڕابردووش  ڕێژیمی ئاخوندی سزای ئێعدامی بە سەر  ١٥ کورددا سەپاندووە.

دوو هەفتەی ڕابردوو سپای پاسداران لە مەریوان ئاگریان بەردایە دارستانەکانی مەریوان و هاوکات چوار چالاکی ژینگەپارێزیان سەهید کرد کە شەریف باجوەر یەکیک لەوانەیە.

سەرەڕای ئەمانەس خەڵکی ئێران و کوردستان وەزاڵە هاتوون و بەردەوام لە شەقامەکانی خۆپێشاندان دژی ڕێژیمی ئاخوندی ئەنجام دەدەن ئەم هێرشانە ئەوە پیشان دەدەن کە ڕێژیمی پەت و سێدارە پلانی بەرینتر و مەترسیدارتری پییە و بە جۆرێک دەیهەوێ شۆڕشی کوردانی ڕۆژهەڵاتی پارچەکەنی تری لەت و پەت بکا و دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەکەدا بسەپێنێت.

لە وتووێژەکاندا ڕێژیم باسی ئەوە دەکا کە ئەو چەکانەی بۆ بەرگری لە خۆی کەڵک وەردەگرێ و هەر بەو جۆرەش کە بەرنامە ناوەکیەکەی دەیەوێ لە ناوچەکە بەکاری بێنێ ئەگەر سەرکەوتووبن و ئەو چەکانە بەدەست بێنن.

هەر بۆیە ئێمە وەک حیزبی دێموکرات داوا لە دەوڵەتی سوید، کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و ڕێکخراوە خاوەن دەسەڵاتەکان دەکەین، دەستەووەسان نەوەستن بۆ پێشگرتنی مەترسییەکانی  ڕێژیمی ئێران هەنگاوی جیدی هەڵبگرن و ئەو کردەوانە مەحکوم بکەن. چوونکە کوردەکانی ڕۆژهەڵات دانیشتووی کەمپەکانی باشووری کوردستان گیانیان لە مەترسی دایە و ڕۆژ له دوای ڕۆژ فەرماندەی سپای پاسداران هەڕەشەی لە ناوبردنی ئۆپۆزیسونی دژبەری خۆیان لە باشوور دەکەن.

شایانی باسە زۆربەی ئەو کەسانە کە بریندار بوون خەڵکی سیڤیل و ژن و منداڵن. ئەم بریندارانە و خەڵکانیتری کەمپەکان پێوستی خێرایان به داو دەرمان و یارمەتیتریش هەیە. هیوادارین سوید کۆمەڵگای نێونەتەوەییه کاریگەریان هەبێ و فشار بۆ ڕێژیمی ئاخوندی بگرن و چی لە توانایاندا هەیە  دریغی نەکەن.

ىەڕێز دانییەلیش دوو پاتی کردەوە کە ئەو بەیاننامەیە بگەیەنێتە سەرەوەو ئەوەی پێیان دەکرێ ئەنجامی بدەن. ناوبراو باسی ئەوەشی کرد کە لە سوید خەریکی هەڵبژاردن و ئێستا نازانن لە داهاتووی سوید چی ڕوودەدا. بەڵام ناوبراو لە وەزارەتی دەرەوە بەردەوامن لە کاری خۆیاندا.

هەر لە هەمان ڕۆژدا واتە ڕۆژی دووشەممە ، کاتژمێر ٣ی پاس نیوەڕۆ نوێنەری پێوەندییەکانی حیزب حەمید تەیموری چووە بارەگای سوسیال دێموکرات و هەمان بەیاننامەی تەسلیمی نوێنەری پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی سوسیال دێموکرات "یوهان هاسێل" Johan Hassel کرد.

هەر هەمان ڕۆژی مووشە بارانی بارەگاکانی حیزب لە کۆیە لە لایەن ڕێژیمی ئاخوندیەوە، ناوبراو لە بەیاننامەیەکدا ئەو کردەوە تێرۆریستییەی ڕێژیمی ئاخوندییان مەحکووم کرد.