کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پارێزگای خووزستان نموونەی ١١ هەزار تاقیکاریی کۆرۆنا ون بووە

18:15 - 26 جۆزەردان 2720

بەڕێوەبەری ناوەندی تەندروستیی زانستی پزیشکیی ڕێژیم لە شاری "جوندی شاپوور"ی پارێزگای خووزستان وتوویەتی، نموونەی ١١ هەزار تاقیکاریی کۆرۆنا ون بووە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە دیمانەیەک لەگەڵ دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم، سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە وتوویەتی، لە کۆی ٢٩ هەزار نموونەی تاقیکاری، ١١ هەزاریان ون بووە و خەڵکی ئەو پارێزگایە چاوەڕوانی وڵامی ئەو ناوەندەی ڕێژیمن کە ئەرێنی یان نەرێنی تاقیکارییەکان پێ ڕابگەیەنن.

بزربوونی ئەو تاقیکارییانە نیگەرانی و دڵەڕاوکێی خەڵکی پارێزگای "خووزستانـ"ـی بەدواوە بووە و پێیان وایە لە ئەگەری ئەرێنی بوونی تاقیکاریی ئەو ١١ هەزار کەسە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، کارەساتێکی گەورەی مرۆیی وا ڕوو بدات کە پێشپێگرتنی زۆر ئەستەم بێت.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و بەرپرسانی ناوەندە پەیوەندیدارەکان لە ماوەی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ماهییەتی دوژمنکارانەی خۆیانیان لەهەمبەر خەڵکی هەژاری نەتەوەکانی دیکەی ئێران زیاتر لە هەموو کات نیشان داوە.