کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پارێزگای سنەدا نەخۆشییەکان ڕوویان لە هەڵکشانە

13:07 - 3 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: جۆرەکانی نەخۆشییەکانی وەک سل، تەب ماڵت، شێرپەنجەی سیستمی هەرسەک  و هەروەها لە سەرەوەبوونی تەوژمی خوێن لە پارێزگای سنەدا، ڕوویان لە هەڵکشانە کە چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییانە زیاتر لە هەر شتێک پێویستی بە فێرکاری بۆ پێشگرتن هەیە.

"فەرزام بیدارپوور"، جێگری بێهداشتیی زانکۆی زانستی پزیشکیی سنه ڕایگەیاندووە کە لە حەشیمەتێکی ٤٣٠ کەسی لەم پارێزگایەدا، ١٣٥ کەسیان تەوژمی خوێنیان لە سەرەوەیە و بەم پێیە، نێونجی تووشبووان بە تەوژمی خوێن لە پارێزگای سنەدا، زیاتر لە نێونجی تۆمارکراوی ئێرانە.

جێگری بێهداشتیی زانکۆی زانستی پزیشکی، سەبارەت بە تەوژمی خوێن لە پارێزگای سنەدا، باسی لەوە کردووە کە لە ٢٤ نەخۆشخانە، ١٠ ناوەندی فریاکەوتن، ٣٤ خانەی بێهداشتی کرێکاری، ٣٢ وێستگەی کاتی، دەرمانگە، دەرمانخانەی تایبەت و هەروەها نۆرینگەی پزیشکدا، ٢ هەزار کەس بۆ پشکنینی تەوژمی خوێن دیاری کراون، تاکوو خەڵک زۆرتر گرینگی بەم بکوژه بێدەنگە کە هیچ نیشانەیەکی دیاریکراوی نییە، بدەن.

ناوبراو ئاماژەی بە زۆربوونی بەکارهێنانی خواردنەوە ئەلکولییەکان کردووە کە لە زۆربوونەوەی ئەم نەخۆشییەدا، کاریگەریی زۆریان هەیە و وتوویەتی: "پارێزگای سنە پاش مازەندەران و قەزوین، پلەی سێهەمی ئێرانی لەم بوارەدا هەیە."

ئەم بەرپرسە هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئێستاکەش لە بواری نەخۆشییەکانی سل و تەب ماڵت، کێشەیان هەیە؛ هەروەها وتوویەتی پارێزگای سنە لە بواری نەخۆشیی "شێرپەنجەی سیستمی هەرسەک"، لە یەکەمین پارێزگاکانی ئێرانە.

زۆربوونەوەی نەخۆشییەکان لە پارێزگاکانی کوردستاندا، لە لایەکەوە بۆ نزمبوونەوەی ئاستی هیوا بە ژیان دەگەڕیتەوە، چونکە نەبوونی هیوا بە هۆی کێشە ئابوورییەکان و هەروەها نەبوونی جۆرەکانی ئازادی، تاکەکان لە ژیان دادەبڕێت و ئیتر گرینگی به تەندروستیی دەروونیان نادەن، بۆیە لە جۆرەکانی پشکنینی مانگانه و ساڵانه خۆیان دەبوێرن و تەندروستیی جەستەییشیان دەکەوێتە مەترسییەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە، نەبوونی پارە بۆ تێچووی نەخۆشییەکان، خەڵک بەرەو ئاقارێک دەبات کە لە بێدەنگیدا لەگەڵ نەخۆشییەکانیان بژین.