کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پارێزگای ورمێ‌ زیاتر لە ١٠٠ هاووڵاتیی بە هۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست داوە

19:40 - 12 سەرماوەز 2712

كوردستان میدیا: لە ماوەی ٨ مانگدا چوار هەزار و ٣١٦ حاڵەتی رووداوی هاتوچۆ لە پارێزگای ورمێ‌ تۆمار كراوە و لە كۆی گشتیی ئەو رووداوە ١٠٧ هاووڵاتیی گیانیان لەدەست داوە.
عەلی سەعیدی لێپرسراوی پۆلیسی هاتوچۆی رێژیمی ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی هەشت مانگدا چوار هەزار و ٣١٦ حاڵەتی رووداوی هاتوچۆ رووی داوە و بێجگە لە كوژراوان ،چوار هەزار و ٩١٣ كەسیش بریندار بوون.

ناوەندی راگەیاندنی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای ورمێ‌ بڵاوی کردەوە، لەو پارێزگایەدا رۆژانە نزیك بە ٦٥٠ هەزار دەزگا ماشێن لە حاڵی هاتوچۆ دان.

مانگێك لەمەوبەریش نادری لێپرسراوی پۆلیسی هاتوچۆی رێژیم لە پارێزگای سنە ئاشكرای كردبوو، لە ماوەی ٧ مانگدا ٢٠١ هاووڵاتی لە جادەكانی پارێزگای سنە بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست داوە.
لە حاڵی حازردا ٢٤ میلیۆن و١٥٠ هەزار دەزگای هاتوچۆ لە ئێراندا بوونی هەیە و ناستاندارد بوونی ماشینەكان لە هۆكاری سەرەكیی رووداوی هاتوچۆ لەم وڵاتە دایە.
هەر لەو پێوەندییەدا بەپێی راپۆرتی پزیشك قانوونیی رێژیمی ئێران، لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی، نزیك بە ٢٠٦٨ هاووڵاتی بە هۆی رووداوی هاتوچۆ گیانیان لە دەست داوە.
رێژەی نێونجیی ئەو ئامارە دەرخەری ئەوەیە لە رۆژێكدا ٥٥ كەس و لە هەر یەك كاتژمێردا ٤ كەس لە ئێران بەهۆی رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە.