کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پارێزگای ورمێ ڕێژەی تووشبووان بە نەخۆشیی کۆرۆنا لە هەڵکشاندایە

19:10 - 3 جۆزەردان 2720

لە شارەکانی پارێزگای ورمێ ڕێژەی تووشبووان بە نەخۆشیی کۆرۆنا لە بەرزبوونەوەدایە و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو لە مەهاباد ٤ کەس بەهۆی ئەم پەتایەوە گیانیان لەدەست داوە.

بەرپرسی زانکۆی زانستی پزیشکیی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاندووە کە شارەکانی مەهاباد و میاندواو بەنیسبەت نەخۆشیی کۆرۆنا لە دۆخێکی مەترسیداردان و تەشەنەسەندنی کۆرۆنا ڕەوتێکی خێرای بەخۆوە گرتووە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی کۆرۆنا لە شارەکانی مەهاباد، خۆی و میاندواو لە ئاستێکی بەرزدایە.

ڕێژەی تووشبووانی ئەو شارانەی کە لە پارێزگای ورمێ لە دۆخێکی خراپدان بریتین لە: "خۆی ٨٠١ کەس، مەهاباد ٤٦٧ کەس و میاندواو ٤٤٠ کەس".

بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبووان لە پارێزگای ورمێ لە نێوەڕاستی مانگی بانەمەڕ دەستی پێکردووە و لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا نزیکەی ١٣٠٠ کەس تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا بوونە و کۆی گشتیی تووشبووانی ئەم نەخۆشییە سنووری ٤ هەزار کەسی تیپەڕاندووە و زیاتر لە ٢٠٠ کەس گیانی خۆیان لەدەست داوە.