سەرەڕای هەڕەشەی کۆرۆنا بۆ سەر گیان و تەندروستیی خەڵک، بارینی بارانی زۆر، ١٦ پارێزگای ئێران و کوردستانی لە ٧٢ کاتژمێری ڕابردوودا تووشی لافاو کردووە و ئەمە هەڕەشەیەکی دیکەیە بۆ سەر گیان و ئارامیی خەڵک.
ڕێکخراوی "مانگی سوور"ی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە، لە ٧٢ کاتژمێری ڕابردوودا بارینی بارانی زۆر، بووەتە هۆی هەستانی لافاو لە ١٦ پارێزگای ئێران و کوردستاندا.
ئەو پارێزگایانە کە تووشی هەستانی لافاو بوونە بریتین لە: "کرماشان، لوڕستان، ئیسفەهان، ئەلبورز، تاران، خوراسانی باشوور و باکوور، سمنان، فارس، قوم، قەزوێن، کرمان، گوڵستان، گیلان و یەزد".
ڕێکخراوی کەشناسیی ڕێژیم، ڕۆژی هەینی ٢٢ی خاکەلێوە، بەنیسبەت هاتنەسەرەوەی ئاوی ڕووبارەکان و ئاوگرتوویی کۆڵان و شەقامەکان و مەترسیداربوونی ڕێگاکان هۆشداریی دابوو.
تا ئێستا هیچ ئامارێک بەنیسبەت زیانەکانی ئەو لافاوانە بڵاو نەبووەتەوە و ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیم سەرنجێکی ئەوتۆ ناخەنە سەر ئەو دۆخە قەیراناوییەی خەڵک.