
بەپێی نووسراوەی یەکەمی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی ١٤٠١ی دەوڵەتی "ڕەئیسی" کە ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەماوەز لەلایەن دەوڵەتەوە درا بە مەجلیس، جگە لە سڕینەوەی دراوی ٤٢٠٠ تمەنی، بەرزبوونەوەی بەرچاوی بودجەی سپای پاسداران و دەنگ و ڕەنگ، هەروەها هەڵکشانی ١٠ لەسەدیی مووچەی دەوڵەت و بەشێک لە وەرگرتنی ماڵیات لە ماشین و خانووەکان دەبینرێت.
بودجەی سپا کە ساڵی ڕابردوو بە ٥٨ لەسەد هەڵکشان لە ٢٤ هەزار و ٣٣٥ میلیارد تمەن بە ٣٨ هەزار و ٥٦٤ میلیارد تمەن گەیشتبوو، بەپێی فایلی نووسراوەی بودجەی ١٤٠١ بە ٩٣ هەزار میلیارد تمەن گەیشتووە.
بەرزبوونەوەی بەرچاوی بودجەی ڕێکخراوی دەنگ و ڕەنگ کە لەژێر چاوەدێریی "عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێراندا بەڕێوە دەچێت، یەکێکی دیکە لە بابەتەکانی جێگای سەرنجی پرۆژەیاسای بودجەی ١٤٠١ـە.
بەپێی ئەو پرۆژەیاسایە، ڕێژەی بودجەی تەرخانکراو بۆ ڕێکخراوی دەنگ و ڕەنگ ٥ هەزار و ٢٨٩ میلیارد تمەنە، بودجەی ئەو ڕێکخراوەیە لە ئەمساڵدا ٣ هەزار و ٣٨٤ میلیارد تمەن بوو کە دەرخەری ئەوەیە ئەو بودجەیە بۆ ساڵی داهاتوو ٥٦ لەسەد بەرز بووەتەوە.
دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران بینەرێکی کەمی هەیە و لەنێو خەڵکدا هیچ متمانەیەکی پێ ناکرێت؛ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دەنگ و ڕەنگ وەکوو ئامرازێک بۆ چەواشە و بەلاڕێدابردنی بیروڕای خەڵک کەڵک وەردەگرێت.