کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پلەبەندیی نوێی ئازادیی چاپەمەنیدا ئێران لەنێوان ١٨٠ وڵاتی جیهان لە پلەی ١٧٨دا جێی گرتووە

12:01 - 14 بانەمەڕ 2722

ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور لە بابەت پێوەری جیهانیی ئازادیی چاپەمەنی بە تاوتوێکردنی دۆخی ڕۆژنامەوانی لە ١٨٠ وڵاتی جیهان، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا کاریگەریی گۆڕانکاری و گرژییەکانی جیهانی لەسەر ئازادیی چاپەمەنی بڵاو کردووەتەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، سێ وڵاتی نۆروێژ، دانمارک و سوید لە سەرەوەی ئەو ڕیزبەندەدا جێگایان گرتووە، دۆخی میدیاکان لە ٢٨ وڵاتی جیهان یەک لەوان ئێران زۆر بە خراپ وەسف کراوە.

لەو ڕیزبەندەدا ئێران لەنێوان ١٨٠وڵاتی جیهان دوای دوو وڵاتی ''ئیریترە و کۆرەی باکوور'' لە پلەی ١٧٨دا جێگای گرتووە.

لەو ڕاپۆرتەدا بۆ تاوتوێی دۆخی ئازادیی چاپەمەنی پشت بە ٥ پێوەری نوێی سیاسی، یاسایی، ئابووری، کۆمەڵایەتی- فەرهەنگی و ئەمنییەتی بەستراوە.

لە حاڵێکدا کە ئێران لە پلەبەندیی ساڵی ٢٠٢١ لە پلەی ١٧٤ی ئەو ڕیزبەندەدا بوو، ئەمساڵ ٤ پلە دابەزیوە.

ئەمساڵ تەنانەت وڵاتی تورکمنستان کە لە داخراوترین وڵاتانی جیهان دێتە ئەژمار، پلەیەکی باشتر لە ئێرانی هەیە.

ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهـ هەمیشە یەک لەو وڵاتانە بووە کە زۆرترین ژمارەی ڕۆژنامەوانانی بەندکراوی هەبووە، بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لە ئێستادا ١٦ ڕۆژنامەوان لە ئێران زیندانی کراون.