کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پێشانگایەک لە سوئید وێنەی ٣٠٠ کەس لە قوربانییانی جینایەتەکانی ڕێژیم خرایە بەر دیدی خەڵک

12:02 - 5 رەزبەر 2721

لە شاری ''ستۆکهۆلم''ـی پتێتەختی وڵاتی سوئید گرووپێک لە دژبەرانی ڕێژیمی ئێران لە پێشانگایەکی سەر شەقامدا بە دانانی ٣٠٠ وێنە لەو کەسانەی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئیعدام، تێرۆر و بێسەروشوێن کراون، بۆ جارێکی دیکە جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێرانیان خستە بەر دیدی خەڵک.

هەروەها لەو پێشانگایە بەشێک لە قوربانییانی کۆرۆنا خراوەتە بەر دیدی خەڵک.

یەکێک لە بەڕێوەبرانی ئەو پێشانگایە وتوویەتی کە ئەو ٣٠٠ کەسە بەشێک لە هەزاران هەزار کەس لە قوربانییانی جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوییە کە ''قەتڵە زەنجیرەییەکان، تێرۆرەکانی دەرەوە، تێرۆری میکۆنووس، ئێعدامەکانی ساڵی ٦٧، مانگرتن و خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٨٨، ٩٦، ٩٨و ١٤٠٠، فڕۆکەی ئۆکراینی، کۆڵبەران، جیابیران و هەواڵنێران'' لەخۆ دەگرێت.

ئەو گرووپەی دژبەرەی ڕێژیمی تاران هەوڵ دەدات لە درێژەی چالاکییەکانی خۆیان بە وەگەڕخستنی ماڵپەڕێک، بنەماڵە و بەجێماوانی قوربانییانی جینایەت و کوشتارەکانی ڕێژیم بانگهێشت بکات و ئەو کەسانەی کە هەتا ئێستا وەکوو قوربانیانی جینایەتەکانی ڕیژیم ناویان دەرنەکەوتووە ئاشکرا و بە دیکۆمێنتی بکات.