کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پەراوێزی بیست و یەکی خەرمانانی ٩٧دا

16:56 - 2 رەزبەر 2718

کەیوان دروودی

ئەوەی بیست و یەکی خەرمانانی ئەمساڵ لە کوردستان ڕوویدا، تەنیا مانگرتنێکی ئاسایی نەبوو بەڵکوو ڕیفراندۆمێک بوو بۆ "نا"وتن بە دەسەڵاتێکی داسەپاو. ئەم ڕۆژە لەو ڕووەوە گرینگە کە دەریخست کۆمەڵگەی کوردستان و حیزبە سیاسییەکان و هەڵسووڕاوانی دیاری ناوخۆ و دەرەوە، هەر هەموو لەسەر یەک تەوەر کۆک و هاودەنگن کە ئەویش داسەپاوبوونی دەسەڵاتی تاران بەسەر کوردستان بوو. لەم ڕۆژە بەولاوە ئیتر بە کردەوە دەستەواژەی ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەری لە ئەدەبیاتی سیاسی کوردستان و ئێراندا سڕدرایەوە.

هەروەها دەرکەوت کە دەزگای پرۆپاگاندەی ڕێژیم بەو هەموو تێچووەوە کە بۆ سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی خۆی داویە، سەرکەوتوو نەبووە لەوەیکە شەقڵێک بخاتە نێو ڕیزەکانی خەڵک و حیزبە سیاسییەکانی کوردستان. کوردستان لە یەکێک لە میلیتاریزەترین ڕۆژەکانیدا، بێ ئەوەی هیچ سندووقێکی گشتپرسی دابنرێت، بۆ دووهەم جار لە دوای ١٢ی خاکەلێوەی پەنجاوهەشت، "نا"یەکی گەورەی بە رێژیم وت و سەلماندی کە سوورە لەسەر ئەو بڕیارەی لە دووی ڕێبەندانی ١٣٢٤ داویە.

ئەمە لەخۆیدا گەڕاندنەوەی شکۆیەکی گەورە بوو بۆ نەتەوەی کورد و هەروەها پەیڤێکی ڕوون بوو، ڕوو لەوانەی کە ئامادەن لەسەر بنەمای ڕێزی بەرامبەر، هەوڵ بۆ لابردنی سێبەری فاشیزم بەسەر پێکهاتەکانی ناو جو‌غرافیای ئێران بدەن.

دەرهاویشتەکانی ٢١ی خەرمانان:     

_ دەرکەوت کە کوردستان خاوەنی نەخشەڕێگایەکی تایبەتە کە پێداگری لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانی خۆی دەکات.

_ ئەو ڕاستییە سەلمێندرا کە خەباتی کوردستان ڕزگاریخوازانەیە و بۆ ئەو مەبەستەش لە هەموو پۆتانسییەلەکانی کەڵک وەردەگرێ.

_ ئاشکرا بوو کە ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەری جیا لە چەمکێکی ئابستراکت، بوونی دەرەکیی نییە و تاقە ڕێگەیەک کە بۆ گشتگیرکردنی خەباتێکی بەربڵاو لەبەردەمدا هەیە، پێکەوەکارکردنە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە بەرژەوەندییەکانی یەکتر.

_ ئەو راستییە سەلما کە دەشێت کوردستان ببێتە هێڵێکی مێحوەری بۆ دەسپێکی تێکۆشانی هەمەلایەنەی ئازادیخوازانی راستەقینە و پێکهاتە ژێرچەپۆکەکان لە دژی دەسەڵاتی سەرەڕۆی تاران.

ئەگەر ئەم چوار خاڵە وەکوو سەرەکیترین دەرهاویشتەکان لەبەرچاو بگرین، ئەوە پێویستە ئەو هۆکارانەش دەسنیشان بکەین کە ئەم سەرکەوتنە بەشکۆیەیان دەستەبەر کرد. لەڕاستیدا پێش لە هەر شتێک دەکرێ بڵێین ئەو بەستێنە کولتووری، مێژوویی و کۆمەڵایەتییەی کە لە کوردستان بووە و هەیە لە ناخی خۆیدا یەکەم هۆکار و گرینگترین هۆکار بوو. پێویستە ئەوەش لەبیر نەکەین کە هاودەنگی و بانگەوازی هاوبەشی حیزبە سیاسییەکان بۆ ئەو مەبەستە، شوێندانەریی تایبەتی خۆی هەم لەڕووی ڕێکخستن و هەم لەڕووی رەوانییەوە بەدواوە هەبوو.

پێش لەم سەرکەوتنە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا هەرەوەزیی شار و گوندەکان بۆ پاراستنی ژینگەی نیشتمان، هاریکاریی و بەهاناوەچوونی گشتی بۆ خەڵکی ناوچەی بوومەلەرزەلێدراوی سەلاس و سەرپێڵ، نەورۆزیی جامانە و لەم دواییەش رێزگرتن لە کەسایەتی و بیری نیشتمانپەروەرانەی شەهید شەریفی باجوەر لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان، نیشانی دا کە کورد چووەتە ناو پڕۆسەیەکی نوێی نەتەوەسازییەوە.

گرینگە ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە پێناسەی باو و کلاسیک لە نەتەوە، ئەگەرچی هێشتاش لەجێی خۆیەتی بەڵام دەبێ بزانین کە توخمە پێکهێنەرەکانی نەتەوەیەکی ژێرچەپۆکی وەک کورد لە ڕەوڕەوەی مێژوویەک لە بندەستی و لەژێر شوێندانەریی جمگە کاراکانی دەسەڵات وەکوو پەروەردە و فێرکاری، سیستمی برۆکراسی و ڕاگەیاندن و هەروەها لەژێر کۆنتڕۆڵی سیستمی پاداشت و سزادا تووشی خەساری گەورە و بەلاڕێداچوون ئەبێت کە زمان یەکێک لەبەرچاوترینی  ئەم نموونە بەرهەستانەیە.

بەو پێیە، ئێمە دەبێ ڕێوشوێنێک بگرینەبەر کە لەسەر بنەمای خواستی هاوبەشی گشتیدا ئیرادەی پێکەوەنانی کیانێکمان بۆ دروست بکات. لەبەر ئەوە خواستی هاوبەش لەم پڕۆسەیەدا گرینگە کە دەتوانێ ئاراستەیەکی پێچەوانەی دڵخوازی دەسەڵات دروست بکات و ئەمەش دەبێتە بەردی بناغەی خۆپێناسەکردنێکی گشتگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی کە ئێمە لەویتر جیا دەکاتەوە. وەک بینیمان ڕێژیم لە بەرامبەر ئەکتی هاوبەشی ڕێزگرتن لە کاک شەریف پێچەوانەی ویستی دەروونیی خۆی دەستی دایە پرۆپاگاندە و ویستی خۆی لەگەڵ ئەو ویستە هاوبەشە ڕێک بخات کە لە کۆتاییشدا سەرکەوتوو نەبوو و لای کەس شاراوە نییە کە دەزگای پرۆپاگاندەی ڕێژیم بەو هەموو تێچووەوە نەیتوانی خۆی بسەلمێنێ و لەناو ئیرادەی خەڵکی کوردستان توایەوە.

بۆ دەرەوەی کوردستان

بەخۆشییەوە پێکهێنانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئەو بەستێنەی پێکهێناوە کە هێزی سیاسیی کوردستان تووشی مێمڵی هەمیشەیی بزاڤی کورد (لێکترازانی سیاسی) نەبێ و یەکدەنگی و یەکگرتوویی ناوخۆیی _ سەرەڕای لەبەرچاوگرتنی پڕەنسیپی فرەیی و پلۆرالیزم _  بپارێزرێ.

ئەمە زۆر گرینگە کە ئەم ڕەوتە درێژەی هەبێ و لەگەڵ ئەوەی گرینگترین مەسەلە ڕاگرتنی ئەم یەکپارچەییەیە، بەڵام هەوڵ بۆ بەهێزکردنی یەکێک لە سەرەکیترین ئەرکە مێژووییەکانە. وەک دەزانین حیزبە سیاسییەکان لە کۆمەڵگەی کوردستان دەورێکی جیاواز لە هەرشوێنێکیتری جیهان دەگێڕن و لە فۆرم و ناوەڕۆکدا وەکوو دەوڵەتێکی دوورخراون کە پێویستە بەجێگەی دەوڵەتێک (حاکمییەت)ی گشتگیر بەرژەوەندیی نەتەوەیی دیاری بکەن و هەوڵی دەستەبەرکردن و پاراستنی بدەن و کۆمەڵانی خەڵکیش لەو ئاقارەدا مۆبیلیزە بکەن.

بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی پێکهاتەکانی نێو جوغرافیای ئێران و نیشانەکانی قەیرانی سەرتاپاگری ڕێژیمی ئیسلامی لەڕووی داماڵران لە ڕەوایی ناوخۆیی، پووکانەوەی ئایدیۆلۆژیک، شکستهێنانی سیاسەتی دەرەکی و داڕمانی ئابووری و ئەو ڕەوتەی رێژیم روو بە دەرەوە گرتوویەتە پێش، پێویستە کە هەرچی زیاتر دۆست و هاوپەیمان بدۆزرێتەوە و هەم لە ناوخۆی ئەم جوغرافیایە و هەم لە ناوچە و دەرەوەدا لە هەموو بژاردەکان بەگوێرەی هەلومەرج کەڵک وەربگیردرێت. ئەوە زۆر دوور لە چاوەڕوانی نییە کە کوردستان ببێتە جەمسەرێکی شوێندانەر و چەترێکی بەشکۆ بۆ هەموو ئەوانەی کە داهاتوویان لە تێپەڕبوون بەسەر لەمپەڕی رێژیمی ئیسلامیدا دەبیننەوە.

سەرکەوتنی هێزی ڕەوایی بەسەر توانای زۆرەملێدا

سیستمە دەسەڵاتخواز (ئۆتوریانیست)ەکان بەهۆی چییەتییان، بەو ڕادەیە کە بەرەو قەیران و هەڵوەرینی سەرمایەی کۆمەڵایەتی دەچن، زیاتر لە توانای زۆرەملێ (قوەی قهریە) بۆ پێشگیری لە نافەرمانی کەڵکاژۆ دەکەن بەڵام لەم حاڵەتە بەرهەڵستکارانیان کە زۆربەی هێزە دێموکراتیکەکانن، دەتوانن لەو مەسەلە وەکوو کرانەوەیەکی دڵخواز بۆ بانگەشەی بیروڕایان کەڵک وەربگرن.

بزاڤی کورد وەکوو بەشێک یان باشترە بڵێین سەرەکیترین بەشی ئەم هێزە دێموکراتیکانە لەناو جوغرافیای ئێران، دەتوانێ لە ڕەوایی خۆی بۆ سەرخستنی ئامانجەکانی هەنگاو بنێ و لەگەڵ هەموو ئەوانەی کە لە بەرەی دێموکراتیکدان بکەوێتە تەعامولێکی ئامانجتەوەر.

بە دیوێکیتردا، ناوچەسزای رێژیمی ئێران هەمان لاوازیی ڕەوایەتییەتی و دەشێت ئەم ناوچەیە لە کاتی گونجاودا بە دەست هێزە دێموکراتیکەکان کۆنترۆڵ بکرێ. مەبەست لە هێزە دێموکراتیکەکان هەموو ئەو ڕەوت و لایەنانەیە کە دان بە ماف و مەوجوودییەتی پێکهاتە جیاجیاکانی نێو ئێران دابنێن.

قەیرانی ڕەوایی رێژیم لەمێژە دەستی پێکردووە و لە داهاتوودا بەپێی گریمانەی پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی لەلای خەڵک و لە بەرامبەردا سەرکوتی زیاتری ئەو داواکارییانە لەلای ڕێژیمەوە، ئەو قەیرانە خۆی لە حاڵەتی شاراوە و کەڵەکەکراو بۆ حاڵەتی دەرکەوتنی ئۆبژەکتیڤ دەگۆڕێ و پێویستە کە ئەم هەلە، لەم بارودۆخەدا بۆ ڕزگاریی هەموو پێکهاتەکان لەژێر سێبەری عەقڵانییەتی فاشیستیی ئێرانی – ئیسلامی بگوازرێتەوە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.