کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پەراوێزی ڕۆژی کچدا

11:11 - 15 پووشپەڕ 2719

ئاویەر شێخی

ڕێژیمی ئێران، لە دوای دەستگرتن بەسەر شۆڕشی گەلانی ئێراندا، بەشێوەیەکی سیستماتیک هەوڵی  لەنێوبردنی کلتوور و فەرهەنگە جیاوازەکان و سەرکوتکردنی هەر دەنگێکی ئازادیخوازانەی داوە و بۆ ئەمەش دەستی لە هیچ ڕێگا و ڕێکارێک نەپاراستووە.

ژنان وەک قوربانیانی یەکەمی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بێ جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی و هەرچەشنە جیاوازییەکی دیکە، کەوتوونەتە بەر سەرکوتەکانی ئەم ڕێژیمە خوێنخۆرە.

ئەگەر چاوێک بە ڕۆژژمێری ڕێژیمی ئێراندا بخشێنین، دەبینین چەند ڕۆژێکی وەک: ڕۆژی ژن، ڕۆژی دایک، ڕۆژی کچ ، ڕۆژی باوک و چەند بۆنەیەکی دیکەی دیاریکردووە.

جیا لەوەیکە ئەم ڕۆژانە بۆنەیەکی ئایینین و بەپێی مەزهەبێک دیاریکراون و ئەمەش پشتگوێخستنی ئایین و بیروڕا جیاوازەکانی نیشتەجێ لە ناو خاکی ئێراندایە، دیسانەوە پێشێلکردنێکی دیکەی مافە مرۆڤییەکانە.

ڕۆژی ١٣ی پووشپەڕ، لە ڕۆژمێری ئێراندا وەک ڕۆژی کچ، گوایە بە بۆنەی لەدایک بوونی "فاتمە کچی ئیمام مووسای کازم"، ئیمامی حەوتەمی شیعەکان دیاریکراوە و بەسەر هەموو خەڵکانی ئێران، کە دین و باوەڕێکی ئایینی جیاوازیشیان هەبێت سەپاوە و ئەم ڕۆژە جەژن دەگرن.

بوونی ڕۆژانێکی لەم چەشنە، پێناسە کردنی مرۆڤە لە چوارچێوەی ئەرکێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی، واتە کچان تا کاتێک ژیانی هاوسەرگیرییان پێک نەهێناوە، ڕۆژی کچیان هەیە و ئەم ڕۆژە دەبێت پیرۆز بکەن، بەڵام کاتێک ژیانی هاوبەشیان پێکهێنا، ئەوا ڕۆژێکی دیکەیان بە ناوی ڕۆژی ژن دەبێت و هیچ مافێکیان بۆ جەژن گرتنی ڕۆژی کچ نابێت بە واتایەکی دیکە ئەرکە کۆمەڵایەتییەکان دەبنە پێناسەیەک بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا لە جێگای مرۆڤبوون.

کچان و ژنان بەشێوەیەکی خۆنەویستانە و لە ڕەوتی گەورەبوونیان لە نێو کۆمەڵگا و شوێنە گشتییەکانی وەک: قوتابخانە و  شوێنەکانی فێرکردن، دەکەونە بەر ئەم هەوڵەی ڕێژیم بۆ پێناسەکردنی مرۆڤەکان و بە تایبەتی ژنان لە چوارچێوەی ئەرکە کۆمەڵایەتییەکاندا و تەنیا لەو چوارچێوەیە لە خۆیان بڕوانن.

لە ڕۆژژمێری جیهانیدا، ڕۆژێک وەک ڕۆژی ژن دیاریکراوە، بەمەبەستی ڕێزگرتن لە هەوڵەکانی ژنانی ئازادیخواز بە درێژای مێژوو بۆ بەدەستهێنانەوەی مافەڕەواکانیان، ئەی ڕێژیمی ئێران، بەپێی چ پڕەنسیپ و یاسایەک ڕۆژی لە دایکبوونی "فاتمەی مەعسووم" دەکاتە ڕۆژی کچ لە وڵاتی ئێراندا و بەسەر هەموو کچانی ئەو وڵاتەی دەسەپێنێت. بێگومان جگە لە سەپاندنی یاسا و بیروباوەڕەکانی خۆی، هیچ پاساوێکی دیکەی نییە هەتا بتوانێت لەو چوارچێوەیەدا و لە چوارچێوەی یاساکانی خۆی کەڵکاژۆ لە ژنان وەربگرێت.

بوونی ڕۆژێک  لە ژێر ناوی ڕۆژی کچ و جەژن گرتنی ئەم ڕۆژە و پیرۆزکردنی  لەلایەن ڕێژیم و کچانی ئێران و تەنانەت بنەماڵە و کۆمەڵگاش، لە کاتێکدایە، کە لە ژێر سایەی سیاسەت و یاساکانی ڕێژیم، بە چەندین شێوەی جیاواز مافەکانی ژنان پێشێل دەکرێت، بۆ نموونە یاساگەلێک، کە ڕێ بە هاوسەرگیری کاتی، فرەژنی، هاوسەرگیری لە خوار تەمەنی یاسایی و تەنانەت لە تەمەنێکی کەمی ٩ ساڵیدا و هەروەها هاوشانبوونی دوو ژن بەرانبەر بە پیاوێک و چەندان یاسای دیکە، کە جگە لە بێڕێزی کردن بە ژن و بە کەم چاولێکردنی هیچ  ئامانج و لێکەوتێکی دیکەی نییە.

کچ لە ئێراندا، ڕۆژانە لەگەڵ توندوتیژییەکانی ناوەندە ئەمنیەتی و نیزامییەکانی ڕێژیم بەرەوڕوون و ڕۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبینین، کە چۆن کچێک تەنیا بەهۆی خۆشی دەربڕین، یان پۆشینێکی سادە دەکەوێتە بەر لێدانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، کە دیارترینیان، لێدانی کچێکی تەمەن ١٥ ساڵ بوو لەم ماوەی دواییدا لەلایەن پۆلیسێکی ڕێژیمەوە، تەنیا بە تۆمەتی ئەوەی لە یەکێک لە پارکەکانی تاراندا لەگەڵ هاوڕێکانی شەڕە ئاوی کردووە. ڕێژیمێک کە ئیزن بەبچووکترین خۆشی دەربڕینی کچانی ئێران نادات، بۆچی دێت ڕۆژێک وەک ڕۆژی کچ و ئەویش شتێکی دەسکرد و ناڕوون دادەنێت.

کچانی ئێران و کوردستان بەتایبەتی تر، دەبێت ئاگایانەتر لە بەرامبەر هەوڵەکانی ڕێژیم ، کە بۆ بچووککردنەوەی کەسایەتی کچانی دەدات و لەچوارچێوەی مرۆڤبوون دەیانهێنێتە دەرەوە و یاخود لەم ڕێگایەوە دەیهەوێت کلتووری نەتەوەکانی ئێران بتوێنێتەوە، ڕەفتار بکەن. بۆچی کچانی کورد، لە کاتێکدا چەندین کەڵە ژنی وەک "مەستوورە خانی ئەردەڵان، خانزادی میری سۆران، لەیلا بەدرخان" و چەندانی دیکە لە مێژووی پڕ سەروەریدا هەڵکەوتوون هەرکەسەو لە بواری خۆی جێ پەنجەی دیارە، ڕۆژی لە دایکبوونی کەسێک لە دەرەوەی مێژووی خۆی  وەک ڕۆژی کچ جەژن بگرێت؟

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.