کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە چوار مەحاڵ و بەختیاری بەنیسبەت بێ ئاوی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە چوو

11:33 - 1 سەرماوەز 2721

ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خەزەڵوەر، خەڵکی پارێزگای چوار مەحاڵ و بەختیاری بەنیسبەت بێ ئاوی و پرۆژەکانی ڕاگواستنی ئاو لەو پارێزگایە بۆ پارێزگاکانی دیکە لە بەردەم پارێزگاریی ''شەهری کورد'' کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد کە ئەمڕۆ دووشەممەش هەروا درێژەی هەبووە.

بە وتەی خەڵکی ناڕازی ٣٠٠ گوند لە چوار مەحاڵ و بەختیاری بەنیسبەت ئاوی خواردنەوە لە تەنگانەدان.

لە ئێستادا لانیکەم ٢٠٠ گوند لەو پارێزگایە بە تانکێر ئاویان بۆ دەچێت.

خەڵکی ناڕازی لەو کۆبوونەوەیەکدا داوایان کردووە کە بەڕێوەبردنی پرۆژەکانی ڕاگواستنی ئاوی ئەو پاریزگایە ڕابگیرێت.

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خەڵکی چوار مەحاڵ و بەختیاری دوو ڕۆژ دوای ئەوە بوو کە ڕۆژی هەینی ٢٨ی خەزەڵوەر، هەزاران کەس لە خەڵکی ئیسفەهان بەنیسبەت وشکبوونی ڕووباری ''زایەندەڕوود'' و لەنێوچوونی کشتوکاڵی ئەو ناوچەیە، لە پردی ''خاجۆ'' کە دەکەوێتە سەر ڕووباری زایەندەڕوود کۆبوونەوی ناڕەزایەتیی بەرینیان بە ڕێوە برد.