ژینگەپارێزان وەک پێشڕەوانی پاراستنی ژینگە سەرەڕای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ نەیارانی ژینگە و قەیرانەکانی زاگرۆس، لە شارەکانی سقز، مەریوان و ناوچەی لەیلاخی سنە بە چاندنی دەنکی بەڕوو گڕوتینیان بە هەڵمەتی زاگرۆسانە بەخشی.
ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی سەرماوەز، بە یارمەتیی بنکەی ژینگەپارێزیی شاری سەقز، ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی نیشتمانی ساحێب و خەڵکی ژینگەدۆستی ساحێب لە ملەی ''مەحموود ئاوا''، نەمام چەقێندرا.
هاوکات لە درێژەی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی زاگرۆسانە لە مەریوان، گرووپی شاخەوانیی ''کۆیار'' و ئەندامانی یانەی فەرهەنگی- وەرزشیی "راهیابی میللەلی مەریوان" بۆ بووژاندنەوەی ئەو دارستانانەی کە کەوتوونەتە بەر تەور و ئاگری کاولکارانەوە، هەڵمەتێکی ژینگەییان بەڕێوە برد.
هەروەها لە ناوچەی لەیلاخی سنە لە ئاوایی ''یەخی کەماڵ'' ژینگەپارێزان بە چاندنی دەنکی بەڕوو هەڵمەتی زاگرۆسانەیان بەڕێوە برد.
هەروەها لە شاری ''بروجێرد''ی سەر بە پارێزگای لوڕستان، لەلایەن خەڵکی ئەو شارە و دامەزراوە خەڵکییەکانەوە هەڵمەتێکی بەربڵاوی ژینگەیی بەڕێوە چوو. ژینگەدۆستان کە ژمارەیان زیاتر لە هەزار کەس بوو لەو چالاکییەدا دەنکی بەڕوویان لە ٣٨ هێکتاردا چاندووە.
"زاگرۆسانە" هەڵمەتێکی ژینگەییە کە ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکانی زاگرۆس ماوەی چەند ساڵە بە چاندنی دەنکە بەڕوو بۆ بووژاندنەوەی دارستانەکان و پەرەپێدان بە کولتووری ژینگەپارێزی و هەروەها درێژەدانی ڕێگای "شەهیدانی ژینگە" لە هەموو شوێنەکانی زاگرۆس بەڕێوەی دەبەن.