کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە چەند وڵاتێکی جیهاندا ئەفغانییەکان دژی ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد

12:50 - 27 جۆزەردان 2720

ئەفغانییەکان لە هەرکام لە وڵاتانی، "یۆنان، بریتانیا، ئاڵمان، نۆروێژ، فەرانسە، ئۆتریش و سوئید" لە دژی کوشتنی ئەفغانییەکان لە سنووری نێوان ئێران و ئەفغانستان بەدەست هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە خۆپیشاندانیان بەڕێوە بردووە.

ئەفغانییەکان لەو خۆپیشاندانانەدا بە دروشمی "نەمان بۆ ئەسڵی ویلایەتی فەقیهـ"، "نەمان بۆ خامنەیی"، "نەمان بۆ دیکتاتۆریی خامنەیی و ڕووحانی" و "ئیتر کوشتنی ئەفغانییەکان ڕاوەستێنن"، لە دژی کوشتار و دڕەندەیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕق و بێزاریی خۆیان دەربڕی.

لەو خۆپیشاندانانەدا وێنەی "خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەک دیکتاتۆرێک بەرز کراوەتەوە و ناوبراویان وەک تاوانباری سەرەکیی ئەو کردەوە نامرۆڤانە ناو لێ بردووە.

"عەبدوولغەفوور لیوال" وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو زنجیرە خۆپیشاندانانەدا لە دژی ڕێژیمی ئێران پشتیوانیی خۆی لە خۆپیشاندەران دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە کە هاووڵاتیانی ئەفغانستان مافی خۆیانە خۆپیشاندان بکەن.

ڕۆژی شەممە ١٣ی بانەمەڕ، ٥٠ هاووڵاتیی ئەفغانی لە ناوچەی ''زولفەقار'' لەلایەن هێزەکانی سەر سنووری ڕێژیمی ئێرانەوە لە دوای لێدان و ئەشکەنجەیەکی زۆر فڕێدراونەتە نێو ڕووباری ''هەریروود''ەوە و ژمارەیەکیان خنکاون.

سەرەڕای شایەتیی ئەو کەسانەی کە لەم جینایەتەدا دەرباز بوون و هەروەها ڕاپۆرتی زۆرێک لە میدیاکان، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەمەی بە تۆمەتێک ناو لێ بردووە و ڕەتی دەکاتەوە.