کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانەکانی خانەنشیکراوان چەندین شاری دیکەی گرتەوە

18:10 - 29 جۆزەردان 2722

لە خۆپیشاندانەکانی خانەنشیکراوان کە چەند ڕۆژ بە دوای یەکدا درێژەی هەیە، کۆمەڵێک لە ناڕازییان جارێکی دیکە ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی جۆزەردان لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان و ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان.

لە شاری کرماشان، خانەشینکراوان، سفرەیەکی بەتاڵیان بەدەست گەتووە و بە شێوەیەکی سمبولیک وەک تەرمی مردوو لەگەڵ خۆیان گیڕاویانە.

هەروەها بەپێی ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لە شارەکانی ئەحواز، ڕەشت، کرماشان، شوشتەر، ئەراک، ساری، دروود و شووش کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە چووە.

لە ئەحواز کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەردەوام خۆپیشاندان لەلایەن خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی بەڕێوە چووە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی جۆزەردان، ناڕازییان بە شێوەیەکی بەربڵاو دروشمیان دژی بەڕێوەبەریی ناکارامە داوە و داویان کردووە بەرپرسان دەست لە کار بکێشنەوە.

خەنەنشینکراوان لە یەک ساڵی ڕابردوودا چەندین جار لە ناڕەزایەتی بە مووچەی کەم و دۆخی نالەباری ژیان خۆپیشاندانیان بەڕێوە بردووە و ئەمە حاڵێکدایە ناڕەزایەتیی چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە لە ئێران ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر پەرە دەگرێت و ڕێژیمی ئێران لە بڕی وڵامدانەوە بە داخوازییەکانی خەڵک، تەنیا ڕێگای سەرکوتی گرتووەتە بەر.