کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە چەندین زانکۆی ئێراندا، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە چوو

11:49 - 24 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: خوێندکارانی چەندین زانکۆی ئێران، بۆ دژایەتی لەگەڵ حیجابی زۆرەملی و گەشتی ئیرشاد، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی بانەمەڕ، خوێندکارانی زانکۆی شارەکانی تاران، تەورێز و سنە بۆ دژایەتی لەگەڵ، حیجابی زۆرەملی، گەشتی ئیرشاد، گرتن و دەرکردنی چالاکانی خوێندکاری، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ئەم کۆبوونەوانە، کاردانەوە و توندوتیژیی حەراسەتی ڕێژیم لە زانکۆوەکانی لێ کەوتەوە و خوێندکاران کەوتنە بەر هەڕەشە و هێرشی بەسیجییەکانی ڕێژیمەوە.

هەروەها بەسیجییەکانی ڕێژیم بە هێرشکردنە سەر خوێندکارە ناڕازییەکان، ڕێگایان پێیان نەدا کە بەیانییەکەیان بخوێننەوە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، خوێندکارانی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە، بە هۆکاری دەرکردنی خوێندکارانی چالاکی سیاسی، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

خوێندکاران لە ئێراندا، لە هەموو بوارێکەوە گوشاریان لەسەرە و ڕێژیمی ئێرانیش بە توندترین شێواز چاوەدێری و سەرکوتیان دەکات.

جیا لەم گوشار و سەرکوت و چاوەدێرییانە، ٤٢ لەسەدی خوێندکاران لە ئێراندا بێکارن و ئەم ئامارە لە مێژووی ئێراندا بێوێنە بووە.

بەگشتی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران هۆکاری سەرەکیی دابەزینی ئاستی زانیاری، زانستی خوێندنگە و زانکۆوەکان  و بەتایبەتی جەوی ڕووناکبیریی زانکۆوەکانە، لە لایەکی دیکەشەوە لە دروستکردنی هەلی کار بۆ خوێندکاران، ڕێژیم کەمترین هەوڵ دەدات و کۆمەڵگای خوێندکاریی ئێران، خۆیان لە نێو جەوی حاکم لە ئێراندا نابیننەوە و لە کۆتاییدا زۆرینەیان وڵات بەجێ دەهێڵێن.