لە ئاکامی ڕاپرسییەکی تەلەفۆنی کە لە مانگی خەزەڵوەر و لەلایەن دامەزراوەی "کیو ئانالتیکز" لە ئێران بەڕێوە چووە، پیشان دەدات کە ٧٨ لەسەدی وڵامدەرەکان لە دەسەڵاتی "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران و کۆنترۆڵی نرخەکان ناڕازین.
دامەزراوەی "کیو ئانالتیکز" لەو ڕاپرسییەدا داوای لە وڵامدەران کردبوو کە لە ژمارەی "١ هەتا ٥" بە کار و کردەوە ئابوورییەکانی دەسەڵاتی "ڕەئیسی" نمرە بدەن.
١١٠٠ کەس لە هەموو شوێنێکی کوردستان و ئێران لەو ڕاپرسییەدا بەشدارییان کردووە و نمرەی ڕەتکراوەیان بە کار و چالاکیی ١٠٠ ڕۆژەی دەسەڵاتی "ئیبراهیم ڕەئیسی" داوە.
ئاکامی ئەو ڕاپرسییە لە کاتێکدا بڵاو بووەتەوە کە ئاماری هەڵاوسانی ساڵانە لە ئێران هەتا مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ پتر لە ٤٥ لەسەد بووە.