کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ڕاپۆرتێکی ئەمنییەتیی ئاڵماندا هاتووە کە ڕێژەی مەئموورانی ئیتلاعاتی ئێران لە ئاڵمان پەرەی سەندووە

12:22 - 24 بانەمەڕ 2721

لە ڕاپۆرتێکی ئەمنییەتیی ئاژانسی ئیتلاعاتی بێرلین کە ڕۆژی سێشەممە ٢١ی بانەمەڕ، بڵاو بووتەوە، پیشان دەدات کە ڕێژەی مەئموورانی ئیتلاعاتی و لایەنگرانی توندئاژۆی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و گرووپە توندئاژۆکانی سەر بەو ڕێژیمە وەکوو حیزبوڵڵا، حەماس و ئیخوانولموسلمین لە بێرلین پەرەی سەندووە.

لەو ڕاپۆرتە ١٣٦ لاپەرەیەدا هاتووە کە ژمارەی مەئموورانی ئیتلاعاتی ئێران لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە هەتا ساڵی ٢٠٢٠، لە ٤٠ کەسەوە گەیشتووەتە ٥٠ کەس.

حیزبوڵڵای لوبنانیش کە گرووپێکی سەر بە ڕێژیمی ئێرانە و چالاکییەکانی لە ئاڵمان قەدەغە کراوە، ٢٥٠ ئەندامی لە ساڵەکانی ٢٠١٩ هەتا ٢٠٢٠ لە شاری بێرلین هەبووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، گرووپی حەماس کە لە باریکەی غەزە جێگیرە و لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پیشتیوانی دەکرێت، ژمارەی لایەنگرانی لەو ماوەیەدا لە ٧٠ کەسەوە گەیشتووەتە ٨٠ کەس.

هەروەها لایەنگرانی گرووپی ئیخوانولموسلمین لە ١٠٠ کەسەوە بۆ ١٥٠ کەس بەرز بووەتەوە.

ئەو ڕاپۆرتە ئەمنییەتییە سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو بابەتە کە ڕێژیمی ئێران وێڕای ڕووسیە و چین لە بواری سیخوڕیی سایبێری لە ئاڵمان چالاکیی دەکەن، وتوویەتی: ''ڕیژیمی ئێران لە ئاڵمان لە ڕێگای ئەکتەرە سایبێرییەکانییەوە هەوڵ دەدات دەستی بە زانیارییە پارێزراوەکان ڕابگات".

یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی هەوڵی سایبێریی ئێران لە ئاڵمان دەسپێراگەیشتن بە زانیاریی سیاسی، ئابووری و دەورلێدانەوەی گەمارۆکانە.