کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ڕووداوی کەوتنەوە خوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی، ٨ هاووڵاتیی کورد گیانیان لەدەست دا

17:05 - 18 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: لە ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەی جۆری "بوئینگ ٧٣٧"، سەر بە هێڵی ئاسمانیی ئۆکراین لە تاران، لە سەرجەم ١٨٠ سەرنشینێک کە گیانیان لەدەست داوە، ٨ کەسیان کورد بوونە.

لە ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەی جۆری "بوئینگ ٧٣٧"، سەر بە هێڵی ئاسمانیی ئۆکراین کە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی بەفرانبار، دوای جێهێشتنی فڕۆکەخانەی خومەینی لە تاران، لە نزیک شارەکی پەرەند کەوتە خوارەوە، ٨ هاووڵاتیی کورد گیانیان لەدەست دا.

لەو ڕووداوەدا ژمارەیەک هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی: "فاتمە پەساوەند، عایشە پوور قادری، ئەوین ئەرسەلانی، هیوا مەولانی، کوردیا مەولانی'' و هەروەها هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز بە ناوی "ڕزگار ڕەحیمی" وێڕای هاوسەر و منداڵەکەی، گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها، شیرکەتی فڕۆکەوانیی ئوکراین ڕایگەیاند: "فڕۆکەکەمان کە لە نزیکیی تاران کەوتە خوارەوە، ٨٢ ئێرانی، ٦٣ کانادایی، ١١ ئوکراینی، ٤ ئەفغانستانی، ٣ ئاڵمانی و ٣ بریتانیایی تێدا بووە کە هەموویان گیانیان لەدەست داوە".

ئەم فڕۆکەیە بە نزیکەی ١٨٠ سەرنشینەوە،  لە تارانەوە بەرەو "کییەف" ڕۆیشتووە، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم لە جێهێشتنی فڕۆکەخانەی خومەینی لە تاران، لە نزیک شارەکی پەرەند کەوتووەتە خوارەوە.