کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ڕێوڕەسمی پێشوازی نەورۆزدا چەندین هاووڵاتی بریندار بوون

12:31 - 29 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: لە کاتی پێشوازیکردن لە جێژنی نەورۆز، چەندین هاووڵاتیی کورد بە هۆی ڕووداو لە شارەکانی کوردستاندا بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە کاتی پێشوازیکردن لە جێژنی نەورۆز، لە شارەکانی کوردستان، لە کاتی خۆشی و شاییدا، چەندین هاووڵاتیی کورد بە سەختی بریندار بوون.

لە شاری ورمێ هاووڵاتییەکی کورد، بە هۆی کەڵکوەرگرتن لە کەرەستەی تەقینەوەی شادیهێنەر، دەستێكی پەڕیوە.

پارێزگای ورمێ، پلەی دووهەمی لە ئاستی ڕووداوەکانی چوارشەممە سووریدا هەیە و تاران پلەی یەکەمی هەیە.

لە پارێزگای سنە، بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو کراونەتەوە هەتا ئێستا ٥٠ کەس بریندار بوونە.

لە کۆی گشتیی ئەو ئامارانەدا، ئاماری برینداربووان ٣٤٣ کەسە، کە ٢٧٦ کەسیان پیاو و ٦٧ کەسیان ژنن، ٣٨ کەسیان لە نەخۆشخانە خەوێندراون و یەک کەسیان لە بەشی تایبەتی خەوێندراوە، ٢١٨ کەس بە شێوەی سەرپێی دەرمان کراون، ١٢٣ کەس جەستەیان بریندار بووە، ٣٢ کەس کەمئەندام بوونە، ٨٠ کەس تووشی سووتاوی بە پلەی یەک، ٧٦ کەس پلەی دوو و ٢٣ کەس پلە سێ، ٥ کەس تووشی شکانی لەش و ٥٧ کەسی دیکەش بە شێوەی جیاواز تووشی برینداری  بوونە.

هەموو ساڵێک لە بەرەبەری نەورۆزدا لە کوردستان و ئێراندا، لە کاتی بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز، هاووڵاتییان تووشی ڕووداو دەبن.

کۆمەڵناسان لەو بارەوە لەسەر ئەو باوەڕەن، کە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ پێشگرتن لە شایی و خۆشیی خەڵک لە بۆنە تایبەتییەکاندا خۆی دەبێتە هۆکاری خولقاندنی ڕووداوەکان. چونکە ڕێژیمی ئێران هیچ ڕێگایەکی دیاریکراو بۆ بەڕێوەبردنی بۆنەکان بەتایبەت نەورۆزی دیاری نەکردووە و لە هەمان کاتیشدا سەرکوتی خەڵک دەکات.