کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێز لە قوتابییانی سەرکەوتووی نێو شۆڕش گیرا

16:58 - 12 خەزەڵوەر 2721

بە بەشداریی "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات و قوتابییە سەرکەوتووەکانی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٠ - ٢٠٢١ و هەروەها بنەماڵەکانیان، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا ڕێز لە قوتابییانی سەرکەوتووی نێو شۆڕش گیرا.

پێشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕێوڕەسمێک لەلایەن کۆمسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکراتەوە بۆ ڕێزگرتن لە قوتابییانی سەرکەوتووی نێو شۆڕش بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات، چەند وتەیەکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

"هیجری" لە قسەکانیدا ئاماژەی بە سەختیی دۆخی خوێندن لە ماوەی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەتایبەتیش بۆ خوێندکاران و قوتابییانی نێو ڕیزەکانی شۆڕش کرد و هەوڵ و ماندووبوونی مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابییانی لەم بارەوە بەرز نرخاند.

لێپرسراوی گشتیی حیزب لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی: "ئەو کێشە و گرفتانە و ئەو سەرکەوتنانە پەیامێکی پێیە، بەو مانایە کە ئەگەر مرۆڤ ئیرادەی بەهێز بێت و بەرنامەی ڕێکوپێکی هەبێت، کۆسپەکان ناتوانن ڕێگریی لێ بکەن، بۆیە لە کاتی کۆسپ و گرفتەکانی ژیاندا، دەبێ لەباتیی بێهیوا بوون، ئیرادەی بەهێزمان هەبێت و بمانهەوێت بەسەر کۆسپەکاندا زاڵ بین."

"هیجری" لە درێژەی قسەکانیدا وێڕای ئاماژەدان بە دۆخی نالەباری خوێندن لە ڕۆژهەڵات و وازهێنانی خوێندکاران و قوتابییان بەهۆی نەبوونی ئیمکانات لە خوێندن، دەستخۆشیی لەو بنەماڵانە کرد کە سەرەڕای هەبوونی کێشەکان هەوڵیان داوە منداڵەکانیان لە خویندن دوا نەکەون.

لێپرسراوی گشتیی حیزب لە کۆتاییدا پیرۆزبایی لە خوێندکاران و قوتابییانی سەرکەوتووی نێو ڕیزەکانی شۆڕش و بنەماڵەکانیان کرد و ڕایگەیاند کە هەتا زیاتر دەستمان بە خوێندن و زانست بگات، زیاتر دەتوانین خزمەتی وڵاتەکەمان بکەین.

لە بڕگەی دواتردا، لەوحێکی ڕێزلێنان پێشکەش بە بەڕێوەبەری خوێندنگەی ڕۆژهەڵاتی بنەڕەتی کرا.

دواتر خوێندکارانی سەرکەوتوو و هەروەها قوتابییانی سەرکەوتووی پۆلی ١٢ لەلایەن لێپرسراوی گشتیی حیزبەوە، لەوحی ڕیزلێنانیان پێشکەش کرا کە بریتی بوون لە: "ژیلا نیکجوویان، فەریبا سەیفی، ئەوین زارعی، هاوڕێ حەیدەری، سیما ڕێواس، سیما عومەرزادە، هونەر حوسێنی و فەرزام مورادی".

لە بڕگەیەکی دیکەدا لەلایەن مەلا "ئەحمەد ڕەحیمی"، بەرپرسی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزبەوە، لەوحی ڕێزلێنان بەسەر سەرکەوتووانی پۆلی ٩دا دابەش کرا کە بریتی بوون لە: "ئۆسکار حەمیدزادە، ژیروان حاجی ڕەسووڵی و پێشەوا قازی".

لە بڕگەی دواتردا، سەرکەوتووانی پۆلی ٦، لەلایەن "نەبەز ئەکڕەم" بەڕێوەبەری خوێندنگەی ڕۆژهەڵاتی بنەڕەتییەوە لەوحی ڕێزلێنانیان پێشکەش کرا کە بریتی بوون لە: "ئارنگ ڕەحیمی، هێڤین پێشڕەو، ڕووکەن خالدی".