ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٣١ی بانەمەڕ بە بەشداریی "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دیموکرات، ئەندامانی ڕێبەری، کادر، پیشمەرگە و بنەماڵەی سەربەرزی شەهید "سمکۆ مەحمەڵ" و پۆلێک لە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بۆ ڕێزگرتن لە قارەمانەتیی و لەخۆبردوویی نوێترین شەهیدانی حیزبەکەمان گیرا.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی حیزب و گەل دەستی پێکرد.
دواتر "کاوە بەهرامی" بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەم بۆنەوە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.
ناوبراو لە ئاخاوتنەکەیدا وێڕای ئاماژەدان بە شێوازی پەیوەستبوونی هەر کام لە شەهیدان سمکۆ مەحمەڵ و سۆهراب خەدیریپوور بە ڕیزەکانی شۆڕش ئاوڕی لە تایبەتمەندییە بەرزە شۆڕشگێڕانەکانیان دایەوە و باسی لەوە کرد: "ئەوان جارێکی تر سەلماندیان کە پیشمەرگەی شاخ و شار دەسلەملانی یەکتر تا گەیشتن بە سەرکەوتن و ئازادی گەل و نیشتمانەکەمان لە خەبات و تێکۆشان هەدا نادەن و ئەمەی بە ڕەمزی سەرکەوتنی دواجاری گەلەکەمان زانی".
ناوبراو جەختی کردەوە: "ئێمە وەک هاوڕێ و هاوسەنگەرانی شەهیدان و ڕێبوارانی ڕێگا و ڕێبازەکەیان بەلێن دەدەین کە تا سەر وەفادار بە ڕێبازی پڕ سەروەرییان دەبین و ئەمەش وەک ئەرکێک چاوی لێدەکەین".
لە بڕگەیەکی تری ڕێوڕەسمەکەدا پەخشانێک لەژێر ناوی "سەرسوڵتان ئامان!" کە تایبەت بۆ یادی نوێترین شەهیدانی حیزب بوو لەلایەن پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکەوە خوێندرایەوە.
دواتر هەر کام لە بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە وێڕای دەربڕینی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهید سمکۆ و هاوڕێیانی پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدانی گەل نوێ کردەوە.