کوردستان میدیا: بە بەشداریی خەڵک و کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان، یەکەمین ساڵیادی شەهیدانی ژینگە، لەسەر گڵکۆی ئەم شەهیدانە، بەڕێوەچوو.
ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی خەرمانان، لە ڕێوڕەسمێکی گەورە و بەشکۆدا، خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لەسەر گڵکۆی شەهیدان "شەریف باجوەر" و "ئومید کۆنەپۆشیـ"ـدا ئامادە بوون و یادی ئەم گیانفیدایانەی نیشتمانیان بەرز ڕاگرت.
لەم ڕێوەڕسمەدا، سەرجەم ئەنجومەنەکانی ڕۆژهەڵات، بەتایبەت ژینگەپارێزان، ئەنجومەنەکانی ئەدەبی و هونەری بەشدار بوون و پەیامی هاوبەشی ڕێکخراوەکان خوێندرایەوە و سوێندی وەفاداری بە ڕێبازی شەهیدان دووپات کرایەوە.
لە بەشە جۆربەجۆرەکانی ئەم ڕێوەڕسمەدا، خەڵک و ڕێکخراوەکان، بە دانانی دەستە گوڵ، خوێندنەوەی شێعر و پەخشان و پێشکەشکردنی وتار، ڕێوەڕسمەکەیان ڕازاندەوە.
لە هەمان کاتدا تیمی پاسکیل سوارانی بانە، مەودای نێوان شاری بانە هەتا سەر گڵکۆی شەهیدانیان لە مەریوان، بە پاسکیل پێوا.
شەهیدان "شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمی نیا و محەممەد پەژوهی"، ساڵی ڕابردوو، لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکانی گوندی "پێڵە"ی مەریوان، لە ڕووداوێکی گوماناویدا، تووشی سووتان بوون و گیانیان لەدەست دا.
دوای ئەو کارەساتە دڵتەزێنە، چەندین کۆڕ و ڕێوڕەسم و چالاکی بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی سەوز لە هەموو کوردستان و ئێران و تەنانەت جیهاندا، بەڕێوەچوو.