کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ژێر کاریگەریی گەمارۆوەکان، ژاپۆن هاوردەکردنی نەوتی ئێران ڕادەگرێت

12:02 - 12 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: میدیاکانی ژاپۆن بڵاویان کردووەتەوە، کە ئەگەری هەیە تۆکیۆ لە داهاتوویەکی نزیکدا  هاوردەکردنی نەوت لە ئێران ڕابگرێت.

هەواڵدەریی فەڕانسە، بە پشتبەستن بە میدیاکانی ژاپۆن ڕاپۆرتێكی بڵاو کردووەتەوە، کە دەوڵەتی ژاپۆن لە  ژێر کاریگەریی گەمارۆوەکانی ئامریکا و لە ترسی کەوتنە ناو لیستی ڕەشی ئامریکاوە هاوردەکردنی نەوتی ئێران لە مانگی ڕەزبەر ڕادەگرێت.

لە کاتی دەسپێکردنەوەی گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران، زۆرێک لە دەوڵەت و شیرکەت و کۆمپانیاکان پەیوەندییە بازرگانییەکانی خۆیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا پچڕاندووە.

وێدەچێت دەوڵەتی ژاپۆنیش هەروەک لە میدیاکانی ئەو وڵاتە بڵاو کراوەتەوە، بە هۆکاری هەرزانبوونی نەوتی ئێران داوای ئەوەی لە ئامریکا کردبێت، کە سزاکانی ئەو وڵاتە لە ئەگەری هاوردەکردنی نەوتی ئێران نەیگرێتەوە، بەڵام دەوڵەتی ئامریکا لە بەرانبەر ئەم داواکارییە ناڕەزایەتی دەربڕیوە.

هەر لەم ڕاستایەدا پێشتریش، بەپێی ئامارێک کە لە ڕاپۆرتی شەش مانگەی ئیدارەی کونتڕۆڵی بازاڕی وزەی تورکیەدا بڵاوی کراوەتەوە، تورکیە بە ڕێژەیەکی بەرچاو هاوردەکردنی نەوت و گازی لە ئێراندا کەم کردووەتەوە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە، کە ماوەیەک پێش بڵاو بووەوە، ڕێژەی دەرهێنانی نەوتی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بە خۆیەوە بینیوە و لە داهاتوودا بە ڕادەیەک دادەبەزێت، کە زۆر بە زەحمەت بەشی بەکارهێنانەکانی نێوخۆیی ئێران بکات.