لە هێرشێکی چەکدارانە زیاتر لە ٢٠ مووشەک هاوێژرایە نێو شاری "کابۆل" پێتەختی ئەفغانستان کە یەکێک لەو مووشەکانە کەوتووەتە نزیک باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران.
وەزارەتی نێوخۆی ئەو وڵاتە وتوویەتی کە لەو هێرشەدا ٨ کەس کوژران و دەیان کەس بریندار بوونە.
وەزارەتی نێوخۆی ئەفغانستان وتوویەتی، ئەو هێرشە ڕۆژی شەممە ١ی سەرماوەز، لە چوار ناوچەی شاری کابۆل ڕێک خراوە و ئەو مووشەکانە هاوێژراونەتە بیناکانی ناوچەی سەوزی کابۆل کە زۆربەی باڵوێزخانەکان و ئیداراتی دەوڵەتی لەوێ هەڵکەوتوون.
وەزارەتی تەندروستیی ئەفغانستان ڕایگەیاندووە ئاماری زیانەکان ڕوون نییە و ئەگەری بەرزبوونەوەی ڕێژەی کوژراو و برینداربووان چاوەڕوان دەکرێت.
لەو پێوەندییەدا باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە کابۆل لە توئیتێکدا بڵاوی کردووەتەوە: "یەکێک لەو مووشەکانە لە نزیک باڵوێزخانەی ئێران کەوتووەتە خوار کە بەهۆی پڕیشکی ئەو مووشەکە شووشەی هێندێک لە دەرک و پەنجەرەکانی باڵوێزخانەکە شکاوە و زیانی بە کابلی ئینتێرنێت و تەلەفوون گەیاندووە".
هەتا ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیاریەتیی ئەو هێرشە مووشەکییەی وەئەستۆ نەگرتووە.
ئەم هێرشە لە دۆخێکدا هاتووەتە ئاراوە کە لەم ڕۆژانەدا ڕێژەی نائەمنییەکان لە ئەفغانستان بەرز بووەتەوە و باڵوێزخانەی ئامریکا لە کابۆل هۆشداریی بە شارۆمەندانی خۆی دابوو کە ئەو دۆخە بەهێند وەربگرن و خاڵە ئەمنییەکان ڕەچاو بکەن.