کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کاتژمێرێکدا ٢١ جیابوونەوە لە ئێراندا تۆمار دەکرێت

09:56 - 28 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: ڕۆژانه لە ئێراندا، ٥٠٤ ڕووداوی جیابوونەوە تۆمار دەکرێت؛ ئامارەکان باس لەوە دەکەن که تەنیا لە ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٨٠ هەزار جیابوونەوە لە ئێراندا تۆمار کراوە.

ڕەزا جەعفەری، بەرپرسی ئۆرژانسی کۆمەڵایەتی ئێران، به ئاماژه به سامانەی "تصمیم" که بەمەبەستی ڕاوێژکاریی دەروونناسی و کۆمەڵایەتی و هەوڵدان بۆ لێکتێگەیشتن و درێژەدان به ژیان دامەزراوە، وتوویەتی: ڕێژەی جیابوونەوە ڕەوتێکی ڕووبە کەمبوونەوەی لە خۆ گرتووە.

ناوبراو هۆکاری نزمبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوەی بۆ نزمبونەوەی ڕێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش ناو بردووە کە ئەمە ئەتوانێ سەلمێنەری پەرەسەندی هاوسەرگیری سپی لە ئێراندا بێت.
قسەکانی جەعفەری لە حاڵێکدایە کە، عەلی موزەفەری، بەرپرسی کانوونی سەردەفتەردارانی ئێران پێکهێنانی ژیانی هاوبەش و جیابوونەوە ڕایگەیاندووە که ئامارە تۆمارکراوەکان باس له ڕەوتی ڕوو له زیادبوونی تۆمارکردنی جیابوونەوە لە ساڵی ٩١ هەتا ٩٦ دەکەن.

به وتەی ناوبراو، لە ساڵی ٩١دا، لە هەر کاتژمێرێکدا ١٦ جیابوونەوە تۆمار کراوە و ئەم ئامارە لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە ٢١ کەس لە کاتژمێرێکدا.

به وتەی موزەفەری لە ساڵی ٩٦دا به شێوەی نێونجی لە هەر سێ ژیانی پێکهێنراودا، یەک دانەیان گەیشتووەتە جیابوونەوە.

بە پێی ئاماری ناوەندی ئاماری رێژیمی ئێران، لانیکەم ٢٢ میلیۆن کەس لە حەشیمەتی سەروو ١٨ ساڵ لە ئێراندا ، سەڵتن و ژیانی هاوبەشیان پێک نەهێناوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە که عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، بەرنامەی دەوڵەتی بۆ زیادکردنەوەی حەشیمەت ڕاگەیاندووە.