کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کارەساتێکی ژینگەییدا لە بەنداوی سێمەرە دەیان هەزار ماسی لەنێو چوون

12:06 - 27 رەشەمه 2720

لە کارەساتێکی ژینگەییدا دەیان هەزار ماسی لە بەنداوی سێمەرە لە پارێزگای ئیلام بەهۆی نەبوونی ئۆکسیژێن و ڕژانی ئاوی ئاوەڕۆی چەندین شار بۆ نێو ئەو بەنداوە لەنێو چوونە.

دەیان هەزار ماسیی ورد و درشتی مردوو لە ئێستادا ڕەنگی بەنداوی سێمەرەی گۆڕێوە و دیمەنێکی دڵهەژێنی لەو بەنداوەدا دروست کردووە.

هەتا ئێستا بەرپرسانی ڕێژیم ئاوەڕیان لەو کارەساتە نەداوەتەوە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ئەو خەسارە زیاتر پەرە دەگرێت.

بە وتەی هێندێک لە کارناسان لەنێوچوونی ئەو ماسییانە بەهۆی نەبوونی ئۆکسیژێن لە ئاوی ئەو بەنداوەدا بووە.

ئەو بەنداوە لە ڕووباری سێمەرە کە لە تێکەڵبوونی ڕووبارەکانی ''قەرەسو و گاماسیاب'' پێک هاتووە، پێک دێت و لەنێوان پارێزگای ئیلام و لوڕستاندا هەڵکەوتووە.

لەنێوچوونی دەیان هەزار ماسی باس لە کارەساتێکی گەورە دەکات کە ئەگەر بە زووترین کات چارەسەر نەکرێت، لەو ناوچەیەدا کارەساتێکی گەورەتری لێ دەکەوێتەوە.