کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کرماشاندا شوێنی گونجاو بۆ دوورخستنەوە زبڵی نەخۆشخانەکان بوونی نییە

12:34 - 15 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: دوای ئەوەی کە ساڵێک لە بەڵێنییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم لە کرماشان تێدەپەرێت، تا ئێستا نەخۆشخانەکانی ئەو شارە، شوێنێکی گونجاو و بێهداشتییان بو دوورخستنەوەی زبڵەکانیان نییە.

مانگی گەڵاوێژی ساڵی ڕابردوو لە میدیاکاندا بڵاو بووەوە کە زبڵی نەخۆشخانەکان لە باشووری کرماشان بەبێ ڕەچاوکردنی بوارەکانی تەندروستی، هەروا فڕێ درابوون و کاردانەوەیەکی بەرچاوی لە لایەن خەڵکەوە لێکەوەتەوە.  

سەرەڕای ئەوەی کە بەرپرسانی ڕێژیم لەم شارە بەڵێنیی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیان دابوو، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکیان بۆ زبڵی نەخۆشخانەکان کە مەترسیی بۆ تەندروستیی خەڵک دروست کردووە، هەڵنەگیراوە.

بەپێی ستانداردەکان، زبڵی نەخۆشخانەکان دەبێ لە زبڵەکانی دیکە جودا بکرێتەوە و لە شوێنێکی تایبەت و گونجاو، لەگەڵ ستانداردەکانی ژینگەیی چاڵ بکرێن، لە حاڵێکدا لە کرماشان بەهۆی ئەوەی کە کەمیی شوێنی هەیە، زبڵی نەخۆشخانەکان لەگەڵ زبڵەکانی دیکەی ئەو شارە تێکەڵ دەکرێت و فڕێ دەدرێت.

لە شوینی فڕێدانی زبڵی کرماشان کەسانێک کەپریان دروست کردووە و خەریکی کۆکردنەوەی زبڵەکانن.

"عەلی میرانی"، پزیشکی پسپۆر، بوونی ئەم کەسانەی لەنێو زبڵە تەشەنەسێنەکانی بە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ تەندروستیی کۆمەڵگا زانیوە و دەڵێت، هەر کەس لەنێو زبڵی نەخۆشخانەکان هەنگاو بنێت، تووشی نەخۆشیگەڵێکی مەترسیدار دەبێت و ئەم نەخۆشییە لە کۆمەڵگادا پەرە دەستێنێت.