کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کوردستان بنەماڵەکان بە کەمی منداڵەکانیان دەنێرنە قوتابخانەکان

12:04 - 16 خەرمانان 2720

لەدوای کرانەوەی قوتابخانەکان لە ئێراندا، بەهۆی مەترسیی تووشبوون بە کۆرۆناوە زۆربەی بنەماڵەکانی کوردستان ئامادە نەبوونە منداڵەکانیان بنێرنەوە قوتابخانەکان.

بەپێی زانیارییەکان لە شارەکانی "بۆکان، مەهاباد، ورمێ، شنۆ، نەغەدە، سەردەشت و سەقز" زۆر بە کەمی منداڵەکان چوونەتە قوتابخانەکان و دایک و باوکی ئەو قوتابییانەش کە  منداڵەکانیان ناردووەتەوە قوتابخانە ڕایانگەیاندووە؛ لە ڕۆژانی داهاتوودا چیتر منداڵەکانمان نانێرینەوە قوتابخانە.

لە هەندێک قوتابخانەی ئەو شارانەی کوردستاندا مامۆستایانی قوتابخانەکان بە بنەماڵەی قوتابییانیان وتووە، ئەگەر چی بەرپرسانی ڕێژیم وتوویانە کە قوتابخانەکان کراوەن بەڵام ئێوە بۆ پاراستنی گیانی منداڵەکانتان مەیاننێرنەوە بۆ قوتابخانەکان.

هەروەها هەندێک بنەماڵە لە شارەکانی کوردستاندا لەبەر گرانی و چەند قات چوونەسەرەوەی نرخی کەلوپەلەکانی خوێندن توانای کڕینی پێداویستی منداڵەکانیان نییە و ئەوەش هۆکارێکە بۆ نەناردنەوەی منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە و خوێندنگەکان.

 ڕۆژی شەممە ١٥ی گەلاوێژ، قوتابخانەکانی ئێران بە فەرمی کرانەوە بەڵام بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ پرۆتۆکۆلێکی تەندروستی و هەوڵێکی جیددی بۆ پاراستنی گیانی قوتابییان ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵەی قوتابییانی کوردستان و ئێرانی لێ کەوتووەتەوە.