کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کوردستان بە بەڕێوەچوونی چالاکیی تەبلیغی، ٢٦ی سەرماوەز بەرز ڕاگیرا

12:01 - 21 سەرماوەز 2721

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ پێشوازیکردن و بەرزنرخاندنی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە شار و ناوچەکانی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پوستێری حیزبی و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و پشتیوانیی خۆیان لە ‌هێزی پێشمەرگەی کوردستان و حیزبی دێموکرات دووپات کردەوە.

ئەندامانی تێکۆشەری حیزبی دێموکرات لە شاری ورمێ بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز بە شێوەیەکی بەربڵاو لە چەندین گەڕکی ئەو شارە وەکوو ''سەیرانگای بەند، شەهرەکی فەرهەنگیان و قەهوە قەباغ'' چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و تراکت و پوستێری تایبەت بەو ڕۆژەیان بڵاو کردەوە.

هاوکات لە شاری بۆکان پێشمەرگەکانی شار لە چالاکییەکی بەربڵاوی تەبلیغیدا بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پوستێری تایبەت بە ٢٦ی سەرماوەزم ناو و شکۆی پێشمەرگەیان بەرز و پیرۆز نرخاند.

ئەو شوێنانەی کە چالاکیی تێدا کراوە بریتین لە: ''هۆتێل مەڕمەڕ، مەنتەقەی سەیفالی، کوچەکانی دەوروبەری چوارڕێیانی ئیتلاعات و ئاوایی ڕەحیم خان''.

هەر بەو بۆنەوە لە شاری نەغەدە تیکۆشەرانی دێموکرات لە گوندەکانی ''گەرگولی سەرێ، کانی مەلا، کانی بداغ و تابلۆکانی سەر ڕێگای سەری مەیدانان''، چالاکیی تەبلغییان بەڕێوە برد.

هەروەها لە شارۆچکەی ''پەسوێ'' سەر بە شاری پیرانشار، شەوی ۲۰ی سەرماوەز لاوانی دەروەستی نیشتمان بەبۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان بە هەڵکردنی ئاڵایەکی گەورەی کوردستان بە درێژایی ۵ میتر و پانایی ۳ میتر، دڵی خەڵکی ناوچە و بە تایبەت بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانییانی سیاسییان شاد کرد.

جێگای ئاماژەیە ئەم ئاڵایە هەتا کاتژمێر ۱۲ی نیوەڕۆ لە بەرزاییەکانی پەسوێ شەکایەوە و دواتر هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم چاویان بە دیتنی ئەو ئاڵایە هەڵ نەهات و زۆر ترسنۆکانە و بە هێزێکی زۆرەوە ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان هێنایە خوارەوە.