کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کوردستان و ئێران بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، چالاکیی تەبلیغی بەڕێوە چوو

12:39 - 17 پووشپەڕ 2720

وەفاداران بە ڕێبازی هەرمانی شەهید دوکتور "قاسملوو" لە شار و گوندەکانی "جوانڕۆ، سنە، مەهاباد، شنۆ، ژاوەرۆی مەریوان و هەروەها لە مازەندەران" چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە "قەڵای جوانڕۆ" بۆ چەندەمین جار لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

لەو چالاکییەدا تێکۆشەرانی دێموکرات بوێرانە بە نووسینی دروشمی حیزبی و بڵاوکردنەوەی نووسراوەی پەیوەندیدار بە ساڵیادی شەهیدکرانی دوکتور "قاسملوو"، ڕێزیان لە پێغەمبەری ئاشتی گرت و پەیمانی وەفادارییان نوێ کردەوە.

لە شاری "سنە"ی خوێناوی، وەفاداران بە ڕێبازی هەرمانی "قاسملوو"ی نەمر لە گەڕەکەکانی "غەفوور" و "فەرەح" بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی و بڵاوکردنەوەی تراکت و پوستێری تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕ، سەلماندیان "قاسملوو لە ڕێبازیدا زیندووە.

 لە گوندەکانی "خوڕخوڕە و قەرەشڵاخـ"ـی شاروێرانی مەهاباد، پێشمەرگەکانی شار بۆ دووەمین جار لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕدا چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ئەو چالاکییە لە کاتێکدا بەڕێوە چووە کە جاش و بەسیجییەکی زۆر لەو دوو گوندەدا مۆڵ درابوون و سەرەڕای بوونی کەشێکی ئەمنییەتیی توند، قارەمانانی دێموکرات بێ گوێدان بەو هێزانەی ڕێژیم چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هەر لەو پەیوەندییەدا ئەندامانی دڵسۆزی حیزب لە شاری "بێهشەهر"ی سەر بە پارێزگای "مازەندەران" بە نووسینی دروشمی "ئەندێشەی قاسملوو ڕووناککەرەوەی ڕێگای خەباتمانە" لەبەر دەرگای ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد. 

هەروەها لە "شنۆ"، قارەمانانی دێموکرات لە چالاکییەکی بەربڵاو و بەریندا لە زۆربەی گەڕەک، شەقام و کۆڵانەکانی شار، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد و وەفاداریی خۆیان بە ڕێبازی شەهید دوکتور "قاسملوو" دووپات کردەوە.

لەو چالاکییەدا وێڕای بڵاوکردنەوەی تراکت و پوستێری تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕ ساڵیادی شەهیدکرانی دوکتور "قاسملوو"، وێنەی شەهید "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"یان بڵاو کردەوە.

هەروەها ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندی "بۆڕیەر" سەر بە ژاوەرۆی "مەریوان" لە ساڵیادی حەماسەی کۆساڵاندا و لە شوێنی شەهیدکرانی شەهیدان "کاوە جەوانمەرد" و "سەرکەوت سەمەدی"، بۆ بەرزڕاگرتنی یاد و ناویان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.