
"عەلیڕەزا کازمی" بەڕێوەبەری وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم وتوویەتی، ٩٧٠ هەزار قوتابی لە کوردستان و ئێران وازیان لە خوێندن هێناوە.
لەو ڕێژەیە نزیک بە ٢١٠ هەزار قوتابی لە پۆلی سەرەتایی و نزیک بە ٧٦٠ هەزار قوتابیش لە قۆناغی دواناوەندیدا وازیان لە خوێندن هێناوە.
"کازمی" ڕەخنەی لە ناکارامەبوونی بەرنامەی وانەوتنەوەی ڕێژیم گرتووە و وتوویەتی: "ناکارامەبوونی بەرنامەی وانەوتنەوەی ئێمە لە سیستمی پەروەردەدا وەک پرسێکی لێ هاتووە و ئەگەر لەسەر ئەو ڕەوتە بەردەوام بین، ناتوانین بە ئامانجەکەمان لە بەڵگەنامەی گۆڕانی بنەڕەتی بگەین".
ناوبراو زیادی کردووە: "سیستمی پەروەردەیی ئێمە لەسەر بواری پەروەردەیی دانەڕێژراوە و ئەوەش خۆی گرفتێکی گەورەیە".
بەدوای گشتگیریی پەتای کۆرۆنا و خوێندن بە شێوەی ئانلاین، بەشێکی زۆر لە قوتابییان بەهۆی نەبوونی کەرەستەی پێویستی خوێندن وازیان لە خوێندن هێنا.
هەروەها هەژاری، بێکاری و دۆخی شپرزەی ئابووری و سیاسی لە ئێران، زیاتر لە هەمیشە قوتابییان و خوێندکارانی لە درێژەدان بە خوێندن بێ هیوا کردووە.