ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شار و گوندەکانی کوردستان و هەروەها شارەکانی ئێران لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان پەیمانیان نوێ کردەوە.
ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە نەغەدەی تێکۆشەرەوە لە بەرەبەری ۲۲ی پووشپەڕ، ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی ڕێبەری هەمیشە زیندوومان دوکتور قاسملوو، شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
ئەو چالاکییانە لە گوندەکانی: "قەڵاتان، حەڵبێ، کۆیکان، وێنسلیان، وەزنێ، دیلانچەرخ و کەرێزە" بەڕێوە چووە.
لە سەقزی قارەمانەوە ڕێژیمی ئێران لە ترسی خۆپیشاندانی خەڵک و لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕدا، نێو شاری بە هێزە سەرکوتکەرەکانی تەنیوە.
بەبۆنەی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، پێشمەرگەکانی شار لە پیرانشاری دێموکراتەوە چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوه برد.
ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە گوندی "ئەندێزێ" چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
هاوکات هەر لە پیرانشار، قارەمانانی دێموکرات لە بازاڕی سیگاران، جادەی سەردەشت، شەقامی پیران، گەڕەکی مام خەلیل، کەمەربەندیی کۆنە خانێ و لە گوندەکانی "قەرە خدر، تووژەڵێ، قرووچاوێ، دایەشێخی، خورینج، گردەبن، کێلەسیپان، گەپڵەسەن، خڕێ برداشان و زنگیاوێ" چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
لە بەشێکی ئەو چالاکییانەدا تێکۆشەرانی دێموکرات ئاڵای ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێرانیان هێنایە خوارەوە و ئاگریان تێبەردا.
لە سنەی خوێناوی، ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە گوندی "مێراو" سەر بە ژاوەرۆی سنە بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ لە قوتابخانەی دوکتور قاسملوو، لای دێهیاریی ئاوایی، لای دەرمانگا، سەر جادەی نییەر و تەنگیسەر، جادەی شەقامی کۆبانێ لە نێوەڕاستی ئاوایی، سەر ڕێگای یاریگای فووتباڵی ئاوایی و چەند گەڕەک و کۆڵانێکی دێکە تراکت و پوستیری تایبەتیان بڵاو کردووەتەوە.
لە شنۆ تێکۆشەرانی دێموکرات چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێ کردەوە.
ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران له شاری "شوێشه" سەر به ناوچەی "کەڵاتەرزانی سنه" بەبۆنەی ۳۱ـەمین ساڵڕوژی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی به دستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری پەت و سێداره له وڵاتی ئۆتریش چالاکیی تەبلیغییان ئەنجام دا.
ئەو شوێنانەی چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: "ناو شاری شوێشه، شەقامی قاسملوو، دەوروبەری مزگەوتی جامیعه، جادەی سنه ـ مەریوان، جادەی شوێشه بو گوندەکانی ناوچەی کەڵاتەرزان وەک تاڵوەران و تێژ تێژ".
لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، لاوانی شۆڕشگێڕی کورد لە شاری "مازەندەران" چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
دروشمەکانی ئەو چالاکییە بریتی بوون لە: "لاوانی شۆڕشگێری کوردستان درێژەدەری ڕێبازی قاسملوون، قاسملوو لە ڕێبازتدا شار و شاخ دەست لەملانن، داگیرکەر بە تێرۆر ناتوانێت شکست بە ڕاسانی نەتەوەیەک بێنێت، باشترین پاداش بۆ شەهیدان درێژەپێدانی ڕێگایانە".
لە درێژەی ئەو چالاکیانەدا خوێندکارانی ڕێبازی قاسملوو لە تاران، بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ لە تاران لە شەقامی "موفەتیح" چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.