کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کوردستان ڕێز لە پێشمەرگە دەگیردرێت

12:18 - 22 سەرماوەز 2720

بەبۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە شار، ناوچە و گوندەکانی کوردستان خەڵكی تێکۆشەری کوردستان بەپیریی ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزەوە دەڕۆن.

 لە ورمێ زێدی ڕۆڵەکانی "ئەمیرخانی لەپ‌زێڕین" بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز تێکۆشەرانی دێموکرات وێڕای ناردنی پەیامی پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە، پەیمانیان نوێ کردەوە هەتا دواساتەکانی ژیان وەفادار بە ڕێبازی شەهیدان دەبن.

لە مەهاباد شۆڕەسوارانی دێموکرات بەبۆنەی ڕۆژی پێشمەرگە بە بڵاوکردنەوەی تراکت، پوستێر، وێنە و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان ئەو ڕۆژیان بەرز ڕاگرت.

لە گوندەکانی "گابازەڵە، کێچ ئاوا، حاجی خۆش، بەفرەوان، قوڵەسەن و دریاز" چالاکیی تەبلیغی بەڕێوە چوو.

لە گوندی "دریاز" سەرەڕای ئەوەیکە پایگای چڵکاوخۆرەکانی لێیە بەڵام تێکۆشەرانی دێموکرات بە شێوەیەکی بەرین چالاکییان بەڕێوە برد. هەروەها هەڕەشەیان لە جاش و بەکرێگیراوان کردووە کە واز لە سەرشۆڕی بێنن.

لە نەغەدە ڕێبورانی ڕێگای شەهیدان، ڕێکەوتی ۲۱ لەسەر ۲۲ی سەرماوەز بۆ چەندەمین جار و بەبۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد. ئەم چالاکییانە لەنێو شار و لە گەڕەکەکانی "دەوروبەری نمای ٥۳ هێکتاری، قوتابخانەی بەرەکەت، شەقامی ئیمام شافعی ۱، گەڕەکی کاویان و فەلەکەی نەماز" بە شێوەیەکی بەرین بەڕێوە چووە.

هەروەها ئەم چالاکییانە لە "سێڕێیانی محەممەدیار و هەروەها گوندی گۆلێ" بە شێوەی تراکت و دروشم لەسەر دیوار بەڕێوە چووه.

هەر لەمبارەوە و هەمان ڕێکەوت تێکۆشەرانی دێموکرات لە گوندەکانی "قەڵاتان، دیلان چەرخ، کەرێزە، ئاڕنێ و دەربەند" بەم بۆنەوە پشتیوانییان لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەربڕیوە.

لە مەریوانی دوازدە سوارەوە، تێکۆشەرانی دێموکرات بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز چالاکییان بەڕێوە برد. چالاکییەکان لە مزگەوتی جامیعەی مووسک، گەڕەکەکانی مووسکی ٢، بەری پادگانی ئەرتش، سەر تەپەی مووسک، نێو گوندی مووسک و گوندی نێ" بەڕێوە چووە. بەشێک لەو دروشمانە لەلایەن ڕێژیمەوە سڕدراوەتەوە. هەروەها جاش و بەکرێگیراوەکان بەتوندی بە شوێن ڕۆڵەکانی دێموکراتەوە بوونە.

لە سنەی خوێناوی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز لە زۆربەی گەڕەک، کۆڵان و شەقامی نێو شاردا چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد. هەروەها لە ژاوەرۆ لە گوندی "شیان" چالاکیی تەبلیغی بەڕێوە چوو.