کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕاوڕووتی خەڵکی ئاسایی پەرەی سەندووە

12:26 - 4 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە هەندێک شار و ناوچەی کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕێگری و ڕاوڕووت سەری هەڵداوەتەوە و پەرەی سەندووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، شەوانە کەسانێکی نەناسراوی دەمامکدار بە چەکەوە، لە ڕێگای نێوان شار و گوندەکان پێش بە ماشێنی هاونیشتمانییان دەگرن و هەر جۆرە پارە و کەلوپەلێکی بەکەڵکیان پێ بێت لێیان دەستێنن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەمبارەوە ئاشکرای کردووە، لە ناوچەی مەرگەوەر و لە ڕێگای شنۆ بۆ مەرگەوەڕ، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ چەندەمین جاری یەک لەدوای یەک ئەو دزی و ڕاوڕووتانە دووبارە بووەتەوە و بووەتە هۆی نیگەرانی و ترس لە لای هاونیشتمانییانی ئەو دەڤەرە.

بەپێی ئەو هەواڵە، ئەو چەتانە لە ڕێگای نێوان دوو گوندی "لۆلکان" و "ژاراوا" سەرەتا بزمارێکی زۆر دەڕێژنە سەر ڕێگا هەتا ماشێنی دیاریکراو پەنچەر بێ و بوەستێ، ئەمجارە سەرنشینەکانی دادەبەزێنن و ڕووتیان دەکەنەوە.

خەڵکی دەڤەرەکە لەو ڕووداوانە زۆر نیگەرانن و لەسەر ئەو باوڕەن کە ئەوە کاری چەکدارانی سەر بە ڕێژیمە و پلانییان هەیە کە خەڵکی برسی و بێ دەرەتانی ناوچەکە، ئەوەندەی دیکە وەزاڵە بێنن و چەشنێک لە نائەمنی لەم ناوچەیە درووست بکەن تاکوو پاساوێکی دیکە بێت بۆ میلیتاریزەکردنی زیاتری ناوچە.